بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند، سووتاندنی بارەگا کولتوورێکی سەقەتە و نابێتە رێگر لەوەی پارتی بارەگاکانی خۆی لە کەرکووک نەکاتەوە، چونکە ئێمە جەماوەر و کادیرانمان لە کەرکووک هەن و تەنیا بارەگاکانی خۆمان دەکەینەوە، بۆیە ئەوەی دەستگیریش کراوە، لەخۆیەوە ئەو کارەی نەکردووە و پاڵنەری هەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و دەستێکی لە پشتەوەیە.
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای سووتاندنی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، کەسێک دەستگیر کراوە تەمەنی 14 ساڵانە، بەڵام حەتمەن یەکێک هەیە پاڵنەر بێت و دەستێکی لە پشتەوەیە و لەخۆیەوە ئەو کارە ناکات، بۆیە هاندان هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکرێت، ئەوەی ئەوەش بکات دیارە چاوی بە بوونی پارتی لە کەرکووک هەڵنایەت، چونکە پارتی جەماوەری لەوێیە، بەڵام بارەگاکانمان داخرابوون و ئێستا بڕیاری کردنەوەی بارەگاکان هەیە، کە بێگومان هەندێک خەڵک هەیە پێی سەخڵەت دەبێت".
کەمال گوتیشی: "ئەو جۆرە کارانە نابنە هۆی ئەوەی بارەگاکانمان لە کەرکووک نەکەینەوە، چونکە شتێکی وەها نییە ببێتە رێگر و ئەو کولتوورەی سووتاندنی بارەگاش، کولتوورێکی سەقەتە و کەسێکیش دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە دەکرێت و ئەنجامەکانیش دیار دەبن".