بابەتەکان

الأحد، 7 مارس 2021

جیهان: نرخی نەوت ٧٠دۆلاری تێپەڕاند


 ئاگانیوز

نرخی نەوت بەردەوامە لەبەرزبوونەوە و ٧٠دۆلاری تێپەڕاند و پێشبینیش دەکرێت تاکۆتایی ئەم ساڵ بگاتە ٨٠دۆلار.

لە دوایین کاتەکانی کرانەوەی بازاڕی نەوت لە بۆرسە جیهانییەکان لە رۆژی یەکشەممە ٧ـی ئاداری ٢٠٢١، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە ٧٠ دۆلار و ٧٨ سەنت.

لەلایەکی ترەوە یەكێك لە گەورەترین گرووپە بانكییەكانی وەبەرهێنان لە ئەمریكا پێشبینی كردووە تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو پێنج دۆلاری تر بەرز ببێتەوە و بگاتە ٨٠ دۆلاری ئەمریكی.

گرووپی گۆڵدمان ساكس، كە یەكێكە لە گەورەترین بانكەكانی وەبەرهێنان لە بوارەكانی نەوتدا، تازەترین پێشبینی خۆی سەبارەت بە نرخی نەوت خستەڕوو و لە راپۆرتێكدا پێشبینی كردووە لە مانگەكانی چارەگی سێیەمی ئەمساڵدا، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو بگاتە ٨٠ دۆلاری ئەمریكی.

گرووپە كۆمپانیا بانكیە پێیوایە، كە بەهۆی گرانبوونی نرخی نەوتەوە، ئێستا خواستێكی زۆر لەسەر كڕینی پشكی كۆمپانیاكانی نەوت لە جیهاندا هەیە.

سەبارەت بە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش رای گەیاندووە، كە بڕیارەكانی ئۆپێك هۆكاری سەرەكیین لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، كە وای كردووە دەرهێنانی نەوت لە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك سنووردار بكرێت.

بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019، کە تا ئێستا زیاتر لە 117 ملیۆن کەس لە جیهان تووشی بوون، نرخی نەوت گەیشتە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە کەمترین ئاستە لە نزیکەی 30 ساڵی رابردوودا و دوای دابەزینی نرخی نەوتیش، یەکەمجارە نرخی نەوت بۆ ئەو ئاستە بەرزبێتەوە.