ئاگانیوز
ڕۆژی سێ شەممە ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە هۆڵی ڕۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ، مەراسیمێک بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەمین کتێب لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی تاوانی ئەنفال بەڕێوەچوو.
ژمارەیەک لەکەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی قەزای چەمچەماڵ ئامادەی مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بوون، کە لەلایەن (هیوا حوسێن ئەمین)ە ئامادەکراوە.
نووسەرلەبارەکتێبەکەیەوە بۆ ئاگانیوز دوا و گوتی: "ئەمە سێیەم کتێبی چاپکراوی منە، گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە بەوردی لە دوو توێی ٣٦٠ لاپەڕەدا، کە لەهەشت بەش پێکهاتووە لێکۆڵینەوەم لەسەر باری ئابووری کوردسان کردووە لە پێش ئەنفال و لەدوای ئەنفال و زیانەکانم بە ژمارەو بەیاناتی بیرکاری ڕوون کردووەتەوە، ئەمە سەرەڕای بەراورد کردنی ئەم تاوانە بە تاوانە گەورەکانی جینۆساید، کە تاوانی ئەنفال دەقاودەق لەگەڵ ئەم تاوانەدا هاوشێوەیە و بگرە گەورەتریشە".
هەروەها نووسەر باسی لەوەش کرد ئەو کتێبە بەرهەمی ماندوو بوونی پێج ساڵییەتی و پێشکەش کراوە بەهەردوو شەهیدی ئەنفالکراو (سەید حەسەن گەورەدێی و شیرن سەید عەبدی گەورەدێی)، کە دوو شەهیدی بێتاوانی ئەنفالکراون.
پڕۆسەکانی ئەنفال لە٢٢ـی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ و بەهەشت قۆناغ لەتەواوی باشوری کوردستان ئەنجامدرا و ماوەی زیاتر لە شەش مانگی خایاند، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٨٢هەزار کەسی بێتاوان زیندەبەچاڵ کران و زیاتر لە ٤هەزار گوندیش خاپوورکران.