ئاگانیوز
بەبێ گوێدان بە نرخی نەوت حکومەتی عێراق دەیەوێت بۆ ماوەی 3 ساڵ کار بە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 بکات.
لەکاتێکدا کە هەموو دەزانن عێراق بۆ داهاتی ساڵانەی بەتەواوی پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستوە کەچی دەیەوێت بۆ ماوەی سێ ساڵ کار بە یاسای بودجەی 2021 بکات .
میدیای نیمچە فەرمیی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشنیاری کردووە یاسای بودجەی 2021ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو کاریپێبکرێت، بەڵام ئەندامێکی لیژنەکە ڕەتیدەکاتەوە.
ئەگەر بێت نرخی نەوت لەماوەی ئەم سێ ساڵە دابەزێت ئەوە ڕاستەو خۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری عێراق و دارای وڵات تووشی داڕووخان دەکات تووشی قەرانێکی تر دەبێتەوە.
ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی ڕاگەیاندووە، “بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا و راگەیاندنی ئەنجامەکان و پێکهێنانی حکومەت دەبێتە هۆی دواکەوتنی بودجەی ساڵی داهاتو و خەرجکردنی بودجەی پارێزگاکان و وەزارەتەکان”.
ئەو پەرلەمانتارە باسیلەوەکردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە سێ پێشنیار کراوە، یەکێک لە پیشنیارەکان پشتبەستنە بە زانیاری و داهاتەکانی ساڵی 2021 بۆ ساڵی 2022، هەروەها پێشنیارێکی دیکە کارپێکردنی بودجەی 2021ە بۆ سێ ساڵی ئایندە، ئەمەش ڕای بەهێزی لیژنەی داراییە.
ئەندامێکی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کە نەی ویست ناوی ئاشکرا بکرێت وت، “ئەو پیشنیارە لەلایەن لیژنەی داراییەوە نەکراوە، ئەگەر پیشنیارێکی لەوجۆرەش هەبێت نایاساییە”.
سەرچاوەکە گووتیشی“یاسای بودجە یاسایەکی ساڵانەیە و دەبێت هەرساڵێک یاسای بودجەی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەگەر نا، دەکرێت لە ساڵێکدا کە بودجەی خۆی نەبێت، یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی پێشتر پەیڕەو بکرێت”.
وتیشی، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێویستە هەموو ساڵێک بودجەی تایبەت بەخۆی هەبێت، کە لە مانگی کانونی دووەم دەستپێدەکات و مانگی کانونی یەکەم کۆتایی دێت.
یاسای بودجەی عێراق ساڵانە لەلایەن لیژنەی ستراتیژی داراییەوە ئامادەدەکرێت و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بەشداری لە نوسینەوەیدا دەکات.