بابەتەکان

الأربعاء، 22 سبتمبر 2021

هەڵبژاردن و دوو قسە


ئاکام وەزیری-ڕۆژنامەنووس

ئەم هەڵبژاردنە ئەوەندەی بۆهەرێم گرنگ و چارەنووسازە نیو ئەوەندە بۆکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان گرنگ نیە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە ناتوانێت پارێزگارێک بۆکەرکوک دابنێت و کێشەکانی ئەم پارێزگایە چارەسەربکات و لەڕووی دەستوریشەوە ئەگەر ڕوویدا و کورد دەنگی کەمی کرد ئەوکات عەرەب و تروکمانی زۆرینە ناتوانن دەستکاری دەستوور بکەن، چونکە بەپێی دەستووری عێراق بۆهەموارکردنەوەی عێراق پێویستە زۆرینەی دانیشتوانی تەواوی پارێزگاکانی عێراق، واتا ٥٠+١٪ـی دانیشتوانی ١٠٠٪ پارێزگاکانی عێراق ڕازی بن بەهەموار کردنەوەکە، کە ئەمەش لەم کاتەدا ئەستەمە، چونکە عێراق ئێستا بەدۆخێکی تەواو نائارام تێدەپەڕێت و ناوبەناو پرسی دابەشکردنی وڵاتەکە بۆسێ هەرێم دێتە پێشەوە، گەر هاتوو کورد بتوانێت بەدوو تیمی حکومی و پەڕلەمانی پتەو بچێتە عێراق و پارێزگاری لەسەنگ و قورسایی خۆی بکات، ئەوا دەتوانێت لەپرسەکانی تایبەت بەکەرکوک تاڕادەیەک بەهەڵوێست نواندن بەشێک لەکێشەکانی پارێزگاکە چارەسەربکەن، بەڵام ناتوانن پرسی چارەسەری کێشەکانی کەمی خزمەتگوزاری و بەرزی نرخی مۆلیدە و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆکەرکوک بکەن، کە ئێستا زۆرینەی لیست و کاندیدە کوردەکانی کەرکوک چارەسەری ئەو کێشانە وەکو بەڵێن بەخەڵکی شارەکەی دەدەن.

کاندیدی بەڕێز کاندیدبوونت مانای ئەوە ناگەیەنێت ئیتر تەواو دەرچوویتە و بوویتە بەپەڕلەمانتار و خۆت لەخەڵک و میدیاش دووربخەیتەوە و گەیشتن بەجەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ئاسانتر بێ لەگەیشتن بەتۆی کاندید و دوو قسەم بۆبکەیت یان نا.
بەڕێزم کاتێک ڕۆژنامەنووسێک پێت دەڵێت: "دەمەوێت لێدوانێکت لێوەربگرم بۆبابەتێکی ڕۆژنامەوانیم"، دڵنیابە گەر یەکجار ئەو قازانج بکات ئەوا تۆ چەندین جار قازانج دەکەیت و زیاتریش لەنێو خەڵک دەردەکەویت، نەک ئەوەی کاتژمێرێک زیاتر ڕۆژنامەنووس لەئۆفیسەکەت ڕابگریت و پێی بڵێی "چاوەڕێبە کەمێکی دیکە قسەت بۆدەکەم" و دواتریش بڵێی بڵێی: "ببوورە من کاتم نیە سەرقاڵم" کاندید زۆر هەبووە وایگوتووە، ماوەیەک پێش ئێستا بۆڕاپۆرتێک پەیوەندیم بەدوو کاندید کرد یەکێکیان کاندیدی حزبێک بوو ئەوەی دیکە کۆنە ئەندامی ئەو حزبەبوون، بەڵام هەردووکیان بەبیانووی سەرقاڵی بانگەشەوە لێدوانیان نەدا و خۆیان لەبابەتەکە دزیەوە.
لەهەموو دونیا کاندیدەکان میدیا وەکو ئامرازێک بەکاردێنن بۆناساندنی خۆیان وبەدەستهێنانی دەنگ و پارە دەدەن بەڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکان بۆئەوەی لەوێوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت و دەربکەون، بەڵام لێرە کاندیدەکان خۆیان قورس ڕادەگرن و بەچەندین تەلەفۆن و پەیوەندی کردن بەکەسانی نزیکی کاندیدەکەیەوە ناتوانیت پێنج خولەک لەکاتی کاندیدێک بگریت.

ئەم دوو قسەیەم بۆکاندید و هاوڵاتییان بوو بەهیوام کاندیدەکان خۆیان لەهاوڵاتییان دوورنەخەنەوە و لەناوخەڵک بن و دەرفەتی زیاتریش بەمیدیا و میدیاکارەکان بدەن بۆئەوەی پەیامێکی ڕوونتر بگاتە لای وەرگرەکانیان.