ئاگانیوز
سەرۆکی لیژنهى وزه و سامانە سرووشتیهكان و پیشهسازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ماوەی چوار رۆژە بەھۆی ناکۆکی دوو کۆمپانیای گواستنەوەوە بەرھەمھێنانی 33 ھەزار بەرمیل نەوتی حەسیرە لە ناوچەی گەرمیان وەستاوە.
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنهى وزه و سامانە سرووشتیهكان و پیشهسازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی ماوەی یاسایی ئەو کۆمپانیایە تەواوبوو کە کاری گواستنەوەی نەوتی حەسیرەی دەکرد، ئامادەکاری بۆ پرۆسەی تەندەرین بە بەشداری 15 کۆمپانیا کرا. تەندەر کرا، بەڵام کار بەو تەندەرە نەکرا و درایەوە ھەمان کۆمپانیای پێشوو بە نرخی 19.5 دۆلار بۆ گواستنەوەی یەک تۆن نەوتی حەسیرە بۆ بۆری نەوتی خورمەڵە، کە پێشتر 27 دۆلار بوو".
عەلی حەمەساڵح ئەوەشی گوت، "بەھۆی ناڕازیبوونی شۆفێرانی تانکەرەکان و ئەو کۆمپانیانەی کە دەڵێن ئامادەین بە کەمتر لەو نرخە نەوتەکە بار بکەین و بیگوازینەوە، چوار رۆژە پرۆسەی گواستنەوەی 33 ھەزار بەرمیل نەوتی حەسیرە وەستاوە، ئێستاش بەرھەمھێنان وەستاوە."
عەلی حەمە ساڵح ئاماژەش دەکات: "نزیکەی 1300 شۆفێری تانکەر لە گەرمیان لە گواستنەوەی ئەم نەوتەدا کار دەکەن. ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ شۆفێرانی تانکەرەکان بەڵێنی ئەوەمان پێدان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ئەنجوومەنی وەزیراندا کاری جیددی بکەین و بە یاسا ئەم گرفتە چارە بکرێت. بۆ ئەوەش دوو رێگە ھەن، یەکەمیان کارەکە بەپێی تەندەر بدرێتە ئەو کۆمپانیای کەمترین نرخ دەدات و مەرجی یاسایی بەدیدەهێنێت، دووەم، حکومەت خۆی پرۆسەکە بەڕێوەببات و ئەو شۆفێری تانکەرانەی ئێستا کاردەکەن لە کاری خۆیان بەردەوام بن و بۆ گواستنەوەی ھەر تۆنێک 24 ھەزار دیناریان بۆ ئەژمار بکرێت".
هاوکات کۆمپانیای جەهانگیر کە دەڵێ براوەی تەندەری گواستنەوەکەی نەوتی حەسیرە لە گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئێستاش ئامادەین بۆ گواستنەوەی نەوتی حەسیرە بە نرخی 16.90 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، بەڵام بەداخەوە لە 29ـی ئاداری 2021 دا لە لایەن کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی ئاگادارکراینەوە کەوا تەندەرەکە دراوە بە کۆمپانیایەکی دیکە و بێ هیچ هۆکارێک و بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک لە کارەکە دوورخراینەوە، بۆیە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر".
لە لایەن خۆیەوە، سەرکۆ ئازاد، ئەندامی لیژنهى وزه و سامانە سرووشتیهكان و پیشهسازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کۆمپانیایەی لەوێ کاری وەبەرهێنان دەکات بریتییە لە کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی و نوێنەری ئەو کۆمپانیایەش رایگەیاندووە، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە دەکەن کە پێشتر تەندەری لەگەڵیان هەبووە، نەوەک ئەوەی دواتر تەندەرەکەی بۆ دەرچووە.
سەرکۆ ئازاد ئەوەشی گوت، لە بابەتی پێدانی تەندەر و پێدانی مافی کارکردن بە گواستنەوەی سووتەمەنی بە کۆمپانیاکان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی نییە و ئەو وەزارەتە تەنیا دەتوانێت نرخی گواستنەوەی سووتەمەنییەکە دیاری بکات.