ئاگانیوز
بە کاریگەری هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان، کە سێیەم بەکاربەری نەوتە لە جیهان، نرخی نەوت ئاراستەی دابەزینی وەرگرت.
سەرەڕای ئەوەی خواست بۆ نەوت لە ئەمەریکا و چین زیادیکردووە و لە ئەوروپاش تا رادەیەک خواست بەرزبووەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان لە هیندستان، بازاڕی نرخی نەوت ئاراستەی پێچەوانەی وەرگرتووە. لە هەمانکاتدا ئەو داکەوتنە بووەتە کێشە بۆ هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کە بڕیاریان دابوو لە سەرەتای مانگی ئایار ئەمساڵەوە پلە بە پلە ئاستی بەرهەمهینانی نەوت بەرزبکەنەوە.
ئەمەيش بۆتە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە سەر ئاستی هەموو جيهان كەمبوونەوەی پارەی نەوت ڕاستەوخۆ کاريگەری دەكاتە سەر ئابووری عێراق بە گشتیی و هەرێمی كوردستان ئەمەيش دەبێتە هۆكاری سەر هەڵدانەوەی قەيرانی دارايی جونكە عێراق و هەرێمی كوردستان داهاتی سەرەكيیان پارەی فرۆشتنی نەوتە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی حوزەیران بە رێژەی 0.92% بۆ 65.29 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ هەمان مانگ بە رێژەی 0.92% بۆ 61.37 دۆلار دابەزی.
سەرەڕای گوشارەکانی هیندستان لە بازاڕی وزە، بەڵام هەندێک ئاماژەی دیکە هەن کە باس لە گەشانەوەی بازاڕی وزە دەکەن، بە جۆرێک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای شلەمبەرجەر پێشبینی دەکات، لە کۆتایی ئەمساڵ خواست بۆ نەوت بۆ ئاستی پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەگەڕێتەوە، لە هەمان کاتدا ئابووری چین بەردەوامە لە گەشانەوە.