بابەتەکان

الخميس، 4 مارس 2021

سەمیرە عەلی مەندی یەكەم ئافرەتی كوردی راگەیاندنكاری نێودەوڵەتی

 ئامادەكردنی : ستار جەباری


سەمیرە عەلی مەندی یەكەم ئافرەتی كوردە ، كە بووە بە راگەیاندنكاری نێو دەوڵەتی*   ،  . لە چەندین رادیۆی جیهانی و نێودەوڵەتی وەكو " سەوا و بەرلین و پراك "، كاری راگەیاندنی كردووە ، سەمیرەخان  خوشكی راگەیاندنكاری نێودەوڵەتی " هاشم عەلی مەندی"یە و لەدایكبووی شاری كەركووكە، بەهۆی سیاسەتی تەعریبی و شۆڤێنیەت و جیاكارییەكانی رژێمی بەعس هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەكەی ماڵیان دەگوازرێتەوە بۆ شاری بەغدا، لەوێ‌ پلەكانی خوێندن تەواو دەكات و ماوەیەك وەك وانە بێژ و مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەسبەكار دەبێت . بەڵام لەبەر ئەوەی لەخێزانێكی رۆشنبیر و   هونەر و راگەیاندن پەروەردە بووە  و پێش ئەوەی بچێتە


ناو بینای قوتابخانە هەر بەمنداڵی و بەمەبەستی بەسەردانیكردن   ،   هونەرمەند و راگەیاندنكاری جیهانی"هاشم عەلی مەندی "  برای  دەیباتە نێو  بینای رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغدا و لەوێ‌  چاوی بەگەورە هونەرمەندان و راگەیاندنكاران دەكەوێت و بەو منداڵییە هەر بۆ خۆشی مایكی رادیۆ دەگرێتە دەست ، ئیدی لەوكاتەوە عاشقی كاری راگەیاندن دەبێت، بۆیە هەر زوو و لەدواقۆناغی ئامادەیی  روودەكات جیهانی راگەیاندن  . لەكۆتاییەكانی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەچێتە رادیۆی كوردی و وەكو بێژەر دەست بەكار دەبێت و  هاوكات كاری پەیامنێریی پاشكۆی كوردی رۆژنامەی عێراق دەكات.  بەمەش دەچێتە جیهانی كاری رۆژنامەنووسی و راگەیاندن، و لە هەمان ساڵیش  دەبێتە ئەندامی تیپی شانۆی " شۆڕشڤان" كە لەكۆمەڵێ‌ لاوی شانۆكار پێكهاتبوو.

لەسەرەتای نەوەتەكانی سەدەی رابردوو وەكو ئامادەكار و پێشكەشكار لە تەلەفزیۆنی لۆكاڵی دهۆك لەبەشی كوردی دەسبەكار دەبێت،.

ساڵی 1994لەگەڵ خێزانەكەی كۆچ دەكات بۆ وڵاتی ئەڵمانیا   و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە رادیۆی بەرلینی ئازاد Sender Freies Berlin (SFB).. كار دەكات، و چەند ساڵێكیش دەبێتە پەیامنێری رادیۆی دەنگی ئەمەریكا ، لەتەك كاری راگەیاندن كاری نووسین و وەرگێڕانیشی كردووە لە پەیمانگای كوردی بۆ لێكۆڵینەوە و پشكنین لە بەرلین . بەشداری و سەرپەرشتی چەندین فیستیڤاڵ و كۆنگرە و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كردووە.

لە ساڵی 2003   بۆ  پایتەخی چیك كۆچ دەكات و لە  رادیۆی ئەوروپای ئازاد

/ رادیۆی ئازاد،دەسبەكار دەبێت،   هاوكات لە رادیۆی عێراقی ئازدیش وەكو بێژەر و پێشكەشكاری هەواڵەكان و ئامادەكار و پێشكەشكار و بەرهەمهێنەری بەرنامە و راپۆرتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری كار دەكات. و سەدان زنجیرە بەرنامەی " عێراقییەكان لەتاراوگەدا"ش ئامادە و پێشكەش دەكات.

لەساڵی 2015 دەگوازرێتەوە بۆ  واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا، بۆ كاركردن وەكو ئامادەكار و پێشكەشكاری چەندین بەرنامەی رادیۆیی   " گەڵاكانی بەیان و عێراق لەمشەودا"   لە رادیۆی "سەوای عێراق"  دەسبەكار دەبێت .لەساڵی 2019 بووە بە نووسەر و سەرپەرشتیار  لەسەر تیمی رادیۆی سەوای عێراق.

  لە كۆتاییدا سەمیرەخان دەڵێ‌: (دوای بیست و شەش ساڵ   لە غەریبی كە ژیانم لە پایتەختەكانی ئەوروپا ، بەرلین ، پراگ و لەكۆتایشدا لە واشنتۆن بردە سەر   ، تا ئێستا خەون بۆ گەڕانەوە بۆ شارەكەم كەركووك دەبینم ،كە تێیدا لەدایكبووم  ، تاكو گوزەرێك بە كۆڵان و شەقام  و بازاڕەكانیدا بكەم و سەرێ‌ لەقەڵا سەركەشەكەی بدەم و بیرەوەرییە جوانەكانی  منداڵیم لەئامێزی  خەڵكە باش و میهرەبانەكانیدا كە خۆشیانم ویست و خۆشیان دەویستم بگەڕێنمەوە، كە لە هزر و یادەوەرییەكانم دا جێیان هێشتووە ،   وێنەی كەسایەتییە خۆشەویست و باشە جیاوازەكانی پێكهاتەكانی شارەكەم بگەڕێنمەوە ، كە لەنێوانیاندا فێری زمانەكانی " كوردی و توركمانی  و عەرەبی"بووم.   شارەزای كەلتوورەكانیان بووم و رەنگە هەر ئەوەش بووبێتە هۆی ئەوەی  بە ئاسانی تێكەڵی كۆمەڵگای  بیانی ببم و جیا لەزمانی دایك كە كوردییە فێری زمانەكانی تریش ببم، شانازی بەشارەكەمەوە دەكەم و هیوای پێشكەوتن و ئارامی بۆ دەخوازم  چونكە شاری هونەر و ئەدەب و  رۆشنبیرییە..

.......................

*: زۆر سوپاس بۆ شێخی بێژەرانی كورد " هاشم جەباری" ئەم زانیارییانەی بەزمانی عەرەبی لە خاتوو سەمیرە وەرگرتبوو و بەتایبەت بۆمنی نارد.