بابەتەکان

الاثنين، 15 فبراير 2021

هەولێر: سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا


 ئاگانیوز
 بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ـی شوباتی٢٠٢١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. 

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کە لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێرشە موشەکییەکەی شەوی ڕابردووی سەر هەولێر و دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق تاووتوێ کراوە و هەردوولا، هاوخەمییان بۆ قوربانییەکانی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر دەربڕیوە.

 ئەوەشخراوەتە ڕوو، مەسرور بارزانی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی بە هێرشێکی ترسنۆکانەی ناو بردووە و داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە، پشتگیریی لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکات بۆ دیاریکردن و  دادگاییکردنی بکەرانی ئەم هێرشە.

کاتژمێر٩:٣٠خولەکی شەوی ڕابردوو هەشت موشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا بەڵام مووشەکەکان بەرلەگەیشتنیان بەئامانجەکانیان لەچەند ناوچەیەکی نیشتەجێی هەولێر کەوتنەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی تر برینداربوون.