بابەتەکان

الجمعة، 5 فبراير 2021

عێراق مامەڵەکانی لەگەڵ کۆمپانیای کار کۆتایی پێدەهێنێت

ئاگانیوز

وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، مامەڵەو کارکردنی لەگەڵ کۆمپانیای کار  کۆتایی پێهێنا کە خاوەندارێتییەکەی بۆ پەدەکە دەگەڕێتەوە، وەزارەتی کارەباش ڕەتیکردەوە کەرتی کارەبای عێراق بە هەمان کۆمپانیا بفرۆشێت.


ئیحسان عەبدولجەبار لە لێدوانێکدا وتی، “دەمێکە کۆتاییمان بە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای کار هێناوە و لە سەری ئەم مانگەشەوە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە بەرامبەریشدا مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای قەیوان گروپ دەکەین بۆ پاڵاوتنی نەوت”.


وەزیری نەوت باسی لەوەشکرد، لە دوێنێوە نەوتی خاویان بە کۆمپانیای کار نەداوە بۆ پاڵاوتن، هەربۆیە دەیانەوێت لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێوخۆیی گرێبەستی نوێ بکەن بۆ پاڵاوتنی نەوت و گواستنەوەی غازی شل بۆ ناوخۆی عێراق، لەوانەش کۆمپانیای نێوخۆیی قەیوان گرووپ، بە ئامانجی پاڵاوتنی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.


سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکانی کۆمپانیای کار، ئیحسان عەبدولجەبار وتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، هەر کۆمپانیایەکی بیانی یان نێوخۆیی لە گەندەڵی تێوەگلابێت، دەیخەنە ناو لیستی ڕەشەوە، لە ئێستاشدا کۆمپانیای ئەجێڵتی کوێتیش دەخەنە لیستی ڕەشەوە کە تایبەتە بە گواستنەوە و کۆگاکردن و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە عێراق کار دەکات.


سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١، وەزیری نەوتی عێراق وتی، لێژنەی دارایی نوێنەران دوو بژارە تاوتوێ دەكات، بژارەی یەكەم هەرێمی كوردستان كۆی پڕۆسەكانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان و هەناردەی نەوت كە ٤٦٠ هەزار بەرمیلە رادەستبكات، بژارەی دووەمیش هەرێمی كوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ بفرۆشێت یان داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات.


کۆمپانیای کار، خاوەنەکەی شێخ بازە و نوسینگەی سەرەکی لە شاری هەولێرە و خاوەندارێتی ڕاستەقینەی بۆ پەدەکە دەگەڕێتەوە، کۆمپانیای قەیوانیش کە خاوەنەکەی شێخ فاخیرە، نوسینگەی سەرەکی لە شاری سلێمانییەو خاوەندارێتی ڕاستەقینەی بۆ یەنەکە دەگەڕێتەوە.


لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەم ڕۆژانەی دواییدا تێبینی ئەوەیان کردووە ڕای گشتی بەلاڕێدا براوە سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باسی لە فرۆشتنی کەرتی کارەبای عێراق دەکەن لە بەسرە یان هەر شارێکی دیکە بە کۆمپانیای کار یان هەر کۆمپانیایەکی ئەهلی.


بەپێى بەیاننامەکە، پێشتر دەرفەت دراوە بە کۆمپانیاى کار بۆ وەبەرهێنان بە قەبارەى سێ هەزار مێگاوات كارەبا، وەبەرهێنانەکە دراوە بەو کۆمپانیایەو ڕێگەى پێدراوە لە وێستگەکانى شەتى بەسرە و رومەیلە کار بکات ئەویش بۆ بەرهەمهێنانى هەزار و ٤٠٠ مێگاوات و ئەوەى کە ماوەتەوە هەزار و ٦٠٠ مێگاواتە لە پێگەکانى تر جێبەجێی دەکات، وەزارەتى کارەبا جەختی لەوەش کردووەتەوە، هیچ نیازێکى نییە بۆ فرۆشتنى هیچ وێستگەیەکى کارەبا.


له‌ ساڵى ٢٠١٧دا هه‌ردوو كۆمپانیاى كار و قه‌یوان، بۆ ماوه‌ى ٥ ساڵ گرێبەستیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تەکانى نه‌وت و كاره‌باى عێراق واژۆ کرد، سەرەڕای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکە لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەڵام هێشتا لەگەڵ قەیوان بەردەوامە، به‌رپرسانى كۆمپانیاى كاریش پاساوەکانی حکومەتی عێراق رەتدەکەنەوە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان به‌ سیاسى ده‌زانن.


بەپێى گرێبه‌سته‌كه‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌،‌ كۆمپانیاى كار رۆژانه برى ١٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ حكومه‌تى عێراق ده‌پاڵێوێت، له‌به‌رامبه‌ردا ١٢ دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك وه‌رده‌گرێت، كۆمپانیاى قه‌یوانیش به‌ هه‌مان بڕى نه‌وت و نرخى پاڵاوتن گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق واژۆکردووە.