بابەتەکان

الخميس، 4 فبراير 2021

پێشەنگییەكانی: شێخ ستار بەرزنجی لە بوارەكانی وەرزش و راگەیاندنی وەرزشیدا

ئا: ستار جەباری

   پیاوێكی زۆر بە ئەزموون، لە نێو دنیای وەرزشدا تواوەتەوە..

یەكەمین كەسە لە مێژووی میدیای كورددا، بەرنامەی وەرزشی بە زمانی كوردی لە كەناڵی تەلەفزیۆنەوە پێشكەش كردووە.

دانیشتن لەگەڵ ئەو زاتە، دەتباتە نێو دنیای كولتووری كورد و شارستانیەتی كوردستانەوە..

دوو جار ماڵ و ئەرشیفەكەی تاڵان كراوە، بۆ سێیەمین جار كتێبخانە و ئەرشیفی داناوەتەوە.. شێخ ستار، یان شێخی وەرزشكاران هەروەك لیژنەی ئۆلۆمپی عێراق نوێنەرایەتی كەركوك لە ساڵی 2018 ئەم نازناوەی   پێبەخشیووە، ناوی تەواوی  (شێخ ستار عەبدوڵڵا  ئەحمەد  بەرزنجی) ساڵی 1941 لە گەڕەكی ئیمام قاسم لە شاری كركوك لەدایك بووە. ساڵی 1961 - 1962 خانەی مامۆستایان بەشی وەرزشی تەواو كردووە، جیا لەتیپی بالەی خانەی مامۆستایان ماوەیەك یاریزانی هەڵبژاردەی پەروەردەی  كەركووك و یانەی وەرزشیی سۆلاف بووە،    ساڵی 1969 بووە بە مامۆستای وەرزش لە پەیمانگای مامۆستایان . شێخ ستار ناوێكی پرشنگدارە لە ئاسمانی وەرزشی كوردستان  و هەموو ژیانی تەرخانكردووە لە پێناو خزمەتی وەرزش و راگەیاندنی وەررزشیی و وەرزشكاران، جیا لە پێشەنگییەكانی لە بواری وەرزش و دیدەوانی،و بەدەست هێنانی دەیان دەسكەوتی وەرزشی چ وەك وەرزشكار و چ وەك راهێنەر و ناویژیوانی وەرزشی و سەرپەرشتیاری دیدەوانی،خودان كۆمەڵێ‌ پێشەنگییە لەبواری راگەیاندنی وەرزشی، سەرەتا پێباشە ئاماژە بۆ چەند نموونەیەكە لە دەسكەوتە وەرزشییەكانی  بكەم  : (   لە ساڵی 1972 لە خێوەتگەی دیدەوانی نێودەوڵەتی   لە سلێمانی  دەبێتە خاوەنی "هێمای دارین"  .

و  ساڵی 1973   بڕوانامەی پلە یەكی ناوبژیوانی تۆپی پێ بەدەست دەهێنێت و ساڵی 1974   بڕوانامەی پلە یەكی تۆپی بالە بەدەست دەهێنێت و  ساڵی 1991 بۆ ماوەی 8 ساڵ دەبێتە  سەرۆكی یەكێتی تۆپی بالەی كەركووك، ساڵی 2004 بووە سەرۆكی ئەنجوومەنی یانەكانی پارێزگاكانی "سەڵاحەدین  و موسڵ و كەركووك". لەساڵانی 2004 - 2005 سەرپەرشتی یانەی "القوە الجویە"ی عێراقی كردووە لە پاڵەوانێتی ڕۆژاوای ئاسیا ،لە ساڵانی 1998 وە تا ساڵی   2020 بۆ یەكەمجار لە میژووی وەرزشدا پێنج پاڵەوانێتی "   بۆ یاری فلكلۆری رەسەنی كوردی "دامە"  لە یانەی وەرزشیی سۆلاف و   بە سەرپەرشتی   وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ، بۆ یەكەمجار دوو خولی پاڵەوانێتی "دامە"ی   لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كردۆتەوە. ساڵی 2009   سەرپەرشتی یاری زۆرخانەی كردووە لە شاری سنە لە    ئێران . ساڵی 2012 سەرپەرشتی شاندی یانەی سۆلافی كردووە لە یاری "بینگ بۆنگ" لە شاری قەزوین لە ئێران  بە بەشداری 13 وڵات). .. لە بواری راگەیاندن و رۆژنامەوانی وەرزشیدا خودان چەندین پێشەنگە بۆ نموونە : (ساڵی 1972 بۆ یەكەمجار بە زمانی كوردی لە تەلەفزیۆنی كركوك بەرنامەی "وەرزش و لاوان"ی  ئامادە و  پێشكەش كردووە  و ئەم بەرنامەی 23 ساڵ بەردەوام بووە. و هاوكات  بۆ یەكەمجار لەمێژووی راگەیاندنی وەرزشیی گوردیدا بێژەری گواستنەوەی یارییە وەرزشیە  گرنگە جیهانییەكانی لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە بە زمانی كوردی گواستۆتەوە"واتە یەكەم بێژەر یاخود تانەلێدەری كورد بووە. بۆ ماوەی سێ ساڵا سەرنووسەری ڕۆژنامە و گۆڤاری ئۆلۆمپیك كركوك بووە. دوو كتێبی داناوە لە بواری وەرزش " 1. یاسای تۆپی پێ. 2. یانەی وەرزشی سۆلاف لە یادی 41 ساڵەیدا، گرنگی  ئەم كتێبە لەوەدایە تەنها باسی یانەی وەرزشیی سۆلاف ناكات بەڵكو باسی چەند لایەنێكی گرنگی مێژووی وەرزشیش دەكات لە شاری كەركووك )....

لەبواری نووسین و ئەدەبیاتیشدا ، ساڵی 1985 بووە بەئەندامی یەكێتی نووسەرانی عێراق لەم بوارەشدا بەناونیشانەكانی  "  شێخ حەسەنی گڵەزەردە و شێخ محێدینی كەركووك" دوو كتێبی چاپ و پەخشكردووە  و چەندین دەسكەوتی گرنگی وەرزشی بەدەست هێناوە وەلێ‌  بەداخەوە بەهۆی ئەوەی پیری و نەخۆشی تەنگی پێ‌ هەڵچنیووە زۆر شتی لەیاد نەماوە  ..... 

 .