بابەتەکان

الاثنين، 1 فبراير 2021

پشتگیریی بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیەی کە تایبەیە بە پشکی بودجەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١

ئاگا نيوز

ئەمڕۆ پێشوازیمان کرد لە سەرۆکی سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەرین. لە دیدراێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و پرسی گەشەپێدانی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان. سوپاسی سەرۆکی زانکۆکان و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە سوپاسی خۆڕاگریی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانمان کرد کە سەرباری بێمووچەیی و بەردەوامیی قەیرانەکان، نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت و دڵسۆزانە بەردەوامبوون لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان. پشتگیری و پشتیوانیی خۆمان بۆ سەربەخۆیی زانکۆکان دوپاتکردەوە و نیگەرانی خۆمان نیشاندا لە بەمەرکەزیکردن و قۆرغکاریی لە ڕێنمایی و بڕیارە زانستی و کارگێڕییەکانیان و ڕامانگەیاند لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی پێویستە بەشێک لە دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکان بۆ زانکۆکان شۆڕ بکرێتەوە لە پێناو ئاسانکردنی ڕاپەراندنی کاروبارەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لە زانکۆکان و گرنگیدانی زیاتر بە توێژینەوە زانستییەکان.


باسمان لەو دۆخە هەستیارەی ئێستا کرد و جەختمان کردەوە کە ئەولەویەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئێستادا جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزییە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران وەک دوو پرسی گرنگ و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ و هەنگاوەکانمان خستۆتەگەڕ. دوپاتیشمان کردەوە کە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی دەبێتە مایەی سەقامگیریی ئابوری و سیاسی و هەر جۆرە دواکەوتنێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیریی کە زەرەرمەندی یەکەم تیایدا هاووڵاتییانی هەرێمەکەمانە. جەختیشمان کردەوە کە گەرەنتیی قوتی هاووڵاتییان و مووچەی مووچەخۆران بەندە بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، لەگەڵ پشتگیریی بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیەی کە تایبەیە بە پشکی بودجەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئێستادا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. لە کۆتاییدا گوێمان لە سەرنج و بیروبۆچوونی سەرۆکی زانکۆکان گرت و هاوڕابووین لەبارەی کۆی پرسەکان و پشتیوانیی خۆشمان بۆ داوا ڕەواکانیان دووپات کردەوە. 


----------