بابەتەکان

الاثنين، 1 فبراير 2021

سەرۆک کۆمار بەبایەخەوە باسی لە سەرکەوتنی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لوتکەی کەنداو کرد


 لەمیانی پێشوازیکردنی لە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو.. سەرۆک کۆمار دووپاتدەکاتەوە لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی گەشەپێدان و ئاشتی لە ناوچەکەدا


د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٢/١ پێشوازیکرد لە نائیف فەلاح حەجرەف، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو گفتوگۆکرا.


لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە تەواوی بوارەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی گەلان بکات، ھاوکات دەرفەتی بونیادنان و خزمەتگوزاری و ئاشتی بەهێزتر بکات، هەروەها بەگرنگییەوە باس لە هەنگاوەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کرا بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنامەکان لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان.


ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەبایەخەوە باسی لە سەرکەوتنی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لوتکەی کەنداو کرد، کە تیایدا واژۆ لەسەر بەیاننامەی عولا و ھێنانەدی ئاشتەوایی کەنداو کرا، بۆ ئەو مەبەستە ئاماژەیکرد کە ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەهێزکردنی رۆڵ و کارەکانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، هەروەها کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.


لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم، رایگەیاند ئەو ئاڵنگاریانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت بە تایبەتی کێشەی تیرۆر و دۆخی ئابووری ئاڵنگاری هاوبەشن، بۆیە پێویستە هەماهەنگی ھاوبەش ھەبێت بۆ بەگژاچوونەوەی مەترسی تیرۆر و قەیرانی ئابووری لە رێگەی بەهێزکردنی دەرفەتی گەشەپێدانی ئابووری و خۆشگوزەرانی، راشیگەیاند عێراقێکی ئارام و خاوەن پەیوەندی تەندروست لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ پتەوکردنی ئاسایش و ئارامی و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.


لەلای خۆیەوە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماری کرد و جەختیکردەوە لە پابەندبوونی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاسایش و سەروەری عێراق و پشتیوانیکردنی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەنجومەن بەگرنگییەوە دەڕواننە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە تەواوی بوارەکاندا و کردنەوەی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش.