بابەتەکان

الاثنين، 25 يناير 2021

د. بەرھەم ساڵح، پێشوازی لە شاندێکی سابئەی مەندائین کرد


د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق  لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شێخ ستار جەبار حلو، سەرۆکی پێکهاتەی سابئەی مەندائین بەیاوەری شاندێکی کەسایەتییەکانی ئەو پێکهاتەیە.


لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەوەی سابئەی مەندائین بەشێکی گرنگن لە پێکھاتەکانی عێراق و رۆڵی گرنگیان ھەیە لە مێژووی وڵاتدا، هەروەها وەک ھەر تاکێکی ئەم وڵاتە رووبەڕووی ئاڵنگاری و ئاستەنگ بوونەتەوە لە سەردەمە جیاجیاکاندا، بۆیە شانازی بە نیشتمانپەروەرییان دەکەین.


لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە لە پێویستی چەسپاندنی سەروەری یاسا و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان، ھاوکات ئاماژەیکرد بە پەلامارە تیرۆریستییەکانی ئەم دوایییە کە مەرام لێی تێکدانی ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەبوو، بۆ ئەو بەمەستەش بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی درێژەدان بە جەنگی دژ بە تیرۆری کردەوە، بۆ رێگرتن لە هەر پیلانێک کە بیەوێت دووبەرەکی و تێکهەڵگژانی تایفی دروست بکات.


لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار گوێی گرت بۆ شاندی میوان لە بارەی دۆخی پێکهاتەی سابئەی مەندائین و ئەو کێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەو روانگەیەوە سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی خۆی دووپاتکردەوە و بۆ ھێنانەدی مافە رۆشنبیری و ئاینییەکانیان، لە بەرامبەریشدا شاندی میوان هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان بەرزنرخاند لە چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم پێکھاتە و ھاونیشتمانیانی عێراق.