د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١/٢٧ بەبۆنەی جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاس-ی کاکەییەکان پیرۆبایی ئاڕاستەی خوشک و برا کاکەییەکان کرد.
دەقی پیرۆزباییەکەی سەرۆک کۆمار:
خوشك و برا كاكەییەكان
بەبۆنەی جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاس-ی کاکەییەکان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی سەرجەم کاکەییەکان دەكەم.
كاكەییەكان وەک بەشێكی رەسەن و گرنگی گەلی عێراق، لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکە رۆڵ و کاریگەری بەرچاویان ھەبووە لە خەبات و تێکۆشان و رووبەڕووبوونەوە دژ بە ستەمکاری و دیکتاتۆریەت و تیرۆر.
سەرەڕای ھەموو ئەمانەش کاکەیییەکان بە درێژایی مێژوو ھەوێنی ئاشتی و پێکەوەژیان بوونە لەگەڵ ئاین و پێکھاتەکانی دیکەی عێراق، بۆیە جێگای خۆیەتی لێرەوە بەگرنگییەوە قوربانیدانی کاکەییەکان بەرز راگرین.
دووبارە جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاس-ی کاکەییەکان پیرۆز بێت، ھیوادارم ھەمیشە کاکەییەکان لە ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانیدا بن.
ھەمیشە جەژنتان پڕ بێت لە شادی و خۆشی
بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق
٢٠٢١/١/٢٧