د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق له
کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە بەشر خەساونە، سەرۆک وەزیرانی ئوردن بەئامادەبوونی ھەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئوردن و لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی ئوردن سڵاو و رێز و نامەیەکی دەستنووسی شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنی گەیاندە سەرۆک کۆمار، لە هەمان کاتدا سەرۆک بەرھەم سڵاو رێزی خۆی ئاڕاستەی شا عەبدوڵای دووەم کرد لە رێگەی سەرۆک وەزیران.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لە پەرەپێدانی ھاریکاری دوو قۆڵی نێوان عێراق و ئوردن، هەروەها جەختیکردەوە لەوەی عێراق بەگرنگییەوە دەڕوانێتە بونیادنانی پەیوەندیەکی پێشکەوتوو لە تەواوی بوارەکان لەگەڵ ئوردن لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا و هەنگاونان بەرەو فراوانکردنی لێکتێگەشتنە ھاوبەشەکان کە رێککەوتنی لەسەرکراوە لە نێوان ھەردوو وڵات.
ھاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی چاودێریکردنی هەماهەنگی سێ قۆڵی نێوان عێراق و ئوردن و میسر کە بونیادنراوە لەسەر هاریکاری ستراتیژی هاوبەش، هەروەها بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و کەمکردنەوەی گرژی و قەیرانەکانی ناوچەکە و دروستکردنی سیستەمێک بۆ ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.