ئاژانسی ئاگا نیوز
هەپەگە ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست پەلاماری شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی دەدات و لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگە، لەبارەی هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی، لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەبەرانبەر دۆزی ڕەوای ئازادی و مافی گەلی کورد بێچارە بووە و لەگەڵ هەموو کردەوەیەکی قڕکەرانە ناتوانێت سەری گەلی کورد دانەوێنێت و بەشێوەیەکی شێتانە هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد”.
هەپەگە هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی تورک “لە تل ڕفعەتەوە تا حاجی ئۆمەران، لە بەردەسۆر تا گارە و مەتینان بە شێوەیەکی هاوکات و بە ئەنقەست، هێرش دەکاتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی گەلەکەمان، گەلی کوردستان وڵاتپارێز هەموو کاتێک دڵسۆزی بەها سەرەکیەکانی بووە و تێکۆشانی خۆی لەبەرانبەر دوژمنی داگیرکەر بەردەوام دەکات و وڵامی پێویست دەداتەوە.”
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا لەبارەی هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی هەپەگە ئەم زانیاریانەی بڵاوکردەوە:
– ٢١ی کانوونی دووەم لە کاتژمێر ١١:٣٠دا هەرێمی مەتینان و دەوروبەری گوندی بەشیلی لەلایەن فڕۆکەکانەوە بۆردومان کرا.
– ٢٢ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١٤:٣٠ هەرێمی خواکورکی سەر بە حاجی ئۆمەران و بەردەخۆر ٦ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانەوە بۆردومان کرا، بەو هۆیەوە گەوڕەکانی گەلەکەمان ڕووخاون و مەڕ و ماڵاتیان لەناوچوون.
– ٢٢ی کانوونی دووەم گوندی گرێی هەرێمی گارە و ناوچەی مەیروکێ بۆردومانکراوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە ٤ گوندنشین برینداربوون و زیان بەر خانوو و باخ و ڕەزی گوندنشینان کەوتووە، ئەو هێرشەی کە دەوترێت “بارەگاکانی پەکەکە بۆردومانکراوە” لەدژی گەلی مەدەنی ئێمەیە لە باشوری کوردستان، لەو دەڤەرە ئێمە بارەگامان نییە و هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە.
– ٢٣ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١٢:١٥ گوندی کانی سارکێی گارە بۆردومانکراوە.
– ٢٣ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١٣:٣٠، هەرێمی گارە و گرێی جۆلەمێرگ و کاتژمێر ١٤ گوندی بەشیلی بۆردومانکراون.
– ٢٣ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١٤:٠٠ هەرێمەکانی زاپ، ناوچەی سیدا لەلایەن فڕۆکەکانەوە بۆردومان کراون.”