بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراق کراوە هێز لەناو شار دەربکرێن و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و بارەگاکانی خۆمان وەربگرینەوە و بە ئازادی کاری سیاسیی خۆمان بکەین.
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕاستە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکان لە کەرکووک بەڕێوە چوو، بەڵام ئێمە بەشداریمان لە هیچ کۆبوونەوەیەک نەکردووە و پەیوەندیشمان لەگەڵ لایەنەکان باشە و سەردانیشیان دەکەین، بەڵام بەشداری لە کۆبوونەوەکان ناکەین.''
مەسعود مەلا پەروێز گوتیشی: ''دۆخی کەرکووک تا ئێستاش بە سەربازیکردنی بەردەوامە، بەڵام بڕیار دراوە کە لەم نزیکانە بارەگاکانی خۆمان وەرگرینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ناو کەرکووک، چونکە ڕێککەوتن هەیە لەگەڵ بەغدا کە چەند مەرجێکی ئێمە جێبەجێ بکرێن، یەکێک لەوانە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و چیی تر بەسەربازی نەکرێت و هێزەکان بچنە دەرەوە و بگەڕێینەوە بۆ کەرکووک و بارەگاکانی خۆمان وەربگرینەوە و بتوانین بە ئازادی کاری سیاسیی خۆمان بکەین.''