بابەتەکان

الخميس، 4 فبراير 2021

چەند تیرۆرستێک دەستگیرکران


 دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش ، لەگوندی بەردەڕەش سەربەقەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن دەستگیردەکەن و پیلانێکی گروپێکی تیرۆریستی داعش لەناوچەکە ئاشکرادەکەن ، کە  مەرامیان بوون چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.


هەر پەیوەست بەم پیلانە، شەوی ڕابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە دوو تیرۆریستی بە ڕەگەز عەرەب لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دەستگیرکران .



پاش ئەوەی رۆژی ٢٥ / ١٢ / ٢٠٢٠ لە نزیک گوندی میرەدێ لەسەر رێگای سەرەکی ( قەزای شارەزوور - دەربەندیخان ) ئاڵایەكی داعش ھەڵکرا ، لەسەر بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ژورێکی لێکۆڵینەوەی ھاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، پێکھێنراو راستەخۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم کەیسە دەستیپێکرد و چەندتیمێک دەستبەکاربوون .


ئەوەبوو لەھەمان کاتی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە ، دوای یەک ھەفتە لەڕۆژی(  ٢ / ١ / ٢٠٢١ ) لەنزیک گوندی بەردەڕەشە لە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن نزیک گوندی کانی سپیکەی پەرخ ، ئاڵایەکی تری تیرۆریستانی داعش بەھەمان شێوەی ئەوەی تر ھەڵکرابوو ، کە لەژێرەکەیدا عبوەی پێوەلکێنرابوو . لەکاتی ھەڵگرتنەوەیەدا دووکارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوو برینداربوون .



 لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و بەدوو ئاڕاستە ، دوو تیمی لێکۆڵینەوەو سەربازی دەستبەکاربوون ، لەلایەک زانیاری کۆدەکرایەوە ، لەھەمانکاتیشدا کیوماڵی سنورەکەدەستپێکرد .


پاش چەندرۆژێک ماندووبوون و شەونخونی ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ( ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ) ، سەرەداو و بەڵگەی دروست بەدەستھاتن و زانیاری تەواو لەسەر شانەیەکی نەنستوی تیرۆریستی داعش  ئاشکراکران و ئەندامەکانیان ناسنامەو شوێن و جێگایان دەستنیشانکراو خرانە ژێرچاودێری ورد .


رۆژی  ٢٤ / ١ / ٢٠٢١ پاش رەزامەندی دادوەری بەڕێز ، بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ،  جوڵە بەھێزەکانی ئاسایش کراو لەچەند ھەڵمەتێکدا لە قەزای سەیدسایدق ھەر سێ تیرۆریست ( ج - ع ) و (ع - ع ) کەھەردووکیان برابوون لەگەڵ ( ع  - ع - ح )   دەستگیرکران کە پیلاندانەرو ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە بوون .

کە مەرامیان بووە دوای ئەم کردەوە تیرۆریستیانە ، چەند شوێن و جێگایەکی تر ی گشتی لە شارەرزوور دەستنیشانبکەن و بیان تەقێننەوە .


بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو ، روونبووەوە چەند تۆمەتبارێکی تر ھاوکاری ئەم کردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوونە و ، لەئۆپراسیۆنێکدا رۆژی ٢٨ / ١ ئەمساڵ لەقەزای سەیدسادق ( ز- م ) دەستگیراکراو ، لەھەمان رۆژ بەتاوانی ھاوبەش ، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار ( ج - م ) دەستگیرکران ، کە پێکھاتبوون لە دایکی بەناوی ( ب . ک ) و دوو خوشکی بەناوەکانی ( ب.ع /  ز . ع / ف .ع ) لەگەڵ ھاوسەری تیرۆریست ( ج -م ) بەناوی ( ب . ع ) . دەستیشگیرا بەسەر  ھەموو ئەو کەرەستەو کەلوپەل  و پێداویستییانەی بۆ  کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەکاریانھێنابوو.


ناسنامەی تیرۆریستان 


 - تیرۆریستی ج - ع و  ع - ع کوڕی تیرۆریست ( عومەری دایس ) ن - کە ئەندامی رێکخراوی القاعیدە بوو وە ، و یەکێک بووە لە چەکدارەکانی تیرۆریستانی ( ئەنسار ئیسلام  ) لە ناوچەی ھەورامان ،لەسەرەتای دروستبوونی ئەنسار ئیسلام لەساڵی ٢٠٠١  بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردەوساڵی ٢٠٠٣  دوای راودونانیان ھەڵھاتوون بۆ دەرەوەی سنوری ھەرێم ، و لەگەڵ سەرھەڵدانی داعش دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی تیرۆریستی . 


تیرۆریست ( ع . ع ) ناسراو بە خەڵات لەساڵی ٢٠١٥ لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیری توندڕەوی داعش و چەندجارێک ھەوڵی داوە بچێتەناو داعش و دواتر بڕیار ئەدەن لەگەڵ تیرۆریست ( ج - ع )  لەسنوری شارەزوور بمێنەوە و شانەیەکی نەنستوی داعش دروستبکەن و چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنورەکە ئەنجامبدەن .


هەر لە میانەی بەدواداچوونەکانماندا، شەوی ٣\4 2/2021  دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دوو تیرۆریستی دیکەی عەرەبیان دەستگیرکرد، لە داهاتوودا زانیاری و ناسنامەی ئەم تیرۆریستانەش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین .


لەبارەی ئەم کەیسەوە ، رەوتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ھێزەکانمان بەردەوامە و ، لەبەر سەلامەتی و پاراستنی زانیارییەکان ، چەندین بەڵگەو دیکۆمێنتی تر بەشاراوەیی ھێڵراونەتەوە . 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان -یش دڵنیادەکەینەوە دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەرک و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەتی ، کە شەونخون بێت و گیانی ھێزەکانی بخاتە مەترسیەوە لەپێنا و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لەھەرێمەکەماندا ،  تا ھەموولایەک بە ئارامی ژیان بەڕێبکەن و سەروماڵی ھاووڵاتیان  پارێزراوبێت .

لەماوەی رابردووشدا دوور لەچاوی میدیا  ،چەندین پیلانی تیرۆریستان لەھەرێم شکستیپێھێنراو  ئەندامەکانیان دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگاکراونەتەوە ، لەناوچەدابڕێندراوەکان و شارەکانی عێراقیش ھەماھەنگ و ھاوکاری بەردەوامی ھێزەعێراقییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتین ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی چەندین شانەی تیرۆریستی داعش و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانیان .


وەک ھەمیشە سوپاس و  پێزانینی دەزگای ئاسایش بە ھاووڵاتیان ( کەسوکارمان  ) و خەڵکی خۆمان دەگەیەنین  ، کەھەمیشە ھاوکارو ھەماھەنگ بوون لەسەرخستنی ئەرکەکانماندا و شکستپێھێنانی پیلانی تیرۆریستان کە مەرامیانە ژیان لەھەرێمەکەمان تێکبدەن .سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی کەلەپاش کەمتر لەیەک مانگ ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆرستییەو گروپێکی  شانەی نەنستوی داعشیان ئاشکراکرد و ئەندامەکانیان دەستگیرکرد و رادەستی یاساو قانوونیان کرد .

ھەرشادو سەرفرازبن 

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان