هەولێر -KDP.info- هیوادارین ئەم جەژنە ببیتە هیوای پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بە ئارامی لەژێر ئاسمانی کوردستاندا بژین و هیچ ئایینێک نەبێتە قوربانیی هزری توندڕەوی ڕادیکاڵی.
فەرهاد کاکەیی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای کاروباری کاکەییەکانە ئاواتی ئەوەیە هیچ ئایینێک نەکەوتە ژێڕ هەڕەشە و پێکەوەژیانی ئایینی ببێتە بنەمای هەموو ئایینەکان و چیتر ئەم پێکهاتانە نەکەونە بەر شاڵاوی کۆمەڵکوژی.
ئەمڕۆ جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاسی کاکەییەکانە، یارساکان سێ ڕۆژ ڕۆژوو دەگرن و لە وەرزی زستان بە ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆیان، بە ناوی ''قەوڵتاس''، پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن.
ئەمە حەوتەمین ساڵە کاکەییەکان جەژنیان بە دڵی خۆیان ناگێڕن
کاکەییەکان وەک پێکهاتەییەکی ڕەسەنی ئەم وەڵاتە، لە کاتی هاتنی داعشدا ئەوانیش وەک ئێزدی و شەبەک و تورکمانە شیعەکان کەوتنە بەر پەلاماری داعش و ئێستاش ئاسەواری ئەو ڕیکخراوە تیرۆریستییە بەسەر کاکەییەکانەوە دیارە و هێشتا مەعاناتیان هەیە.
"خوازیارم ناوچەی کاکەییەکان ئارامی بە خۆییانەوە ببینن و ئەوانیش جەژنەکانیان لە ناوچەکانیان بە خۆشی لە زێدی باب و باپیرانی خۆیاندا بگێرن، چونکە کاکەییەکان هەڕەشە نین بۆ هیچ ئایینێک، تەنیا دەمانەوێ بە ئازادانە و بە سەلامەتی بژین." فەرهاد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وای گوت.
زۆربەی هەرەزۆری ناوچەی کاکەییەکان ناوچەی ناکۆکی و ململانێن، ئەمەش بووەتە هۆکار کە داعش بە دەرفەت بۆ خۆیان بزانن و هەبوونی بۆشاییی ئەمنی بۆ خۆیان دەقۆزنەوە.
ماوە ماوە، داعش هێرش بۆ سەر شار و شارۆکەی کاکەییەکان دەکەن. جار هەیە ڕفاندن و جاری وایە کوشتن و زۆر جاریش ئاوارەکردن بەسەر کاکەییەکاندا دێنن.
''بە بڕوای ڕەجەب کاکەیی، دەبێ ئیدارەیەکی سەربازیی هاوبەش بۆ ناوچەکانیان دابنرێت، تاوەکو کاکەییەکان پارێزراو بن."
ڕەجەب کاکەیی، چالاکی کاکەییەکانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "هێشتا ناوچەکانمان لەژێر هەڕەشەدان و دەبێ چارسەرێکی بەپەلە بۆ ناوچە کاکەییەکان بدۆزرێتەوە، چونکە هێشتا هەڕەشەی داعشیان لەسەرە، خەڵک دەترسێ بگەڕێتەوە گوندەکانیان."
ئەو کاکەییانەی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئارامی دەژین، کەچی لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکان لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا هێشتا مەترسییان لەسەرە، چونکە هێزە عێراقییەکان توانای پاراستنیان نییە.
ترسی ڕەجەب ئەوەیە جارێک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو بدات، چونکە هێشتا شانە نووستووەکانی داعش ماون و ئامانجیان لەنێوبردنی پێکهاتەکانە، بۆیەشە ئایندەی کاکەییەکان لەوپەڕی مەترسیدایە.
یارسانەکان (کاکەییەکان) کێن؟
یارسان بە ئەھلی حەق، یان کاکەیی دەوترێت، گرووپێکی تایبەتن کە ھەڵگری بیروباوەڕی ئایینیی تایبەت و جیاوازی خۆیانن، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون، بە تایبەت لە کرماشان و گەرمیان.
شەبەک و کاکەییەکانی کەرکووک و ھەولێر و مووسڵ ھەموویان بە بنەچەکی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئایینی دەگەنەوە یەکتر.
شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەھلی حەق (یارسان) لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاریی بە خۆیەوە دیتووە.
بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی ''یارسولتان''ــە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە (سوڵتان ئیسحاق)، ھەرچەند بوونی ئایینی یارسان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میتراییەکان (٤٠٠٠–٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر)، بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئایینەکە دادەنرێت و ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا.
لە کۆنترین ناودارانی یارسان، "بابا تاھیری ھەمەدانییە (٩٣٧ – ١٠١٠ی زایینی) لەلای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نووسراوەکانی نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانەکانن.
ئایینی یارسان بە چەند زەمەنێکدا ڕویشتووە، پەیڕەوانی ئایینەکە ماوەی ھەر زەمەنێک بە ٣٠٠ ساڵ دەخەمڵێنن، ھەتاوەکو سەردەمی سوڵتان سەھاک ئاینی یارسان بە ھەشت زەمەندا تێ پەڕیوە، کە واتا تەمەنی ئەم ئایینە بە لای کەمەوە بۆ ٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.