کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، یادی مامەڕیشە بەرز ڕادەگرێت و دەڵێت: شەهیدان تەنها لەڕابردوودا فەرماندە و ڕێنیشاندەر نەبوون، لە ئێستاشدا ڕابەرایەتیمان دەكەن ڕووەو ئازادیی، ڕزگاریی و یەكگرتن، بۆیە بانگەوازیی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی دەکەین.
کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ئەمڕۆ لە ٣٦مین ساڵیادی مامەڕیشەدا، پەیامێکی بە سەردێڕی “بۆ شەهادەتی هەڵۆ بەرزەفڕەكەی كوردستان شەهید (مامە ڕیشە)”، بڵاوکردەوە.
كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری كوردستان بۆ گیانی پاكی شەهید مامەڕیشە و سەرجەم شەهیدانی كوردستان و خانەوادەی شەهیدان، مێژووی گەلی كورد و خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد دەهێنێتەوە یاد و جەخت دەکاتەوە”ئەگەر ئەم شەهیدانە و تێكۆشانی ئەم شەهیدانە نەبوایە، لە ئێستا دەرفەتی ئەوەمان نەدەبوو لەسەر خاكی خۆمان بژین”.
لە پەیامەکدا هاتووە”لە ساڵیادی شەهادەتی ڕابەری ئازادیی گەلی كورد لە باشووری كوردستان ‘شەهید مامەڕیشە’دا، باش ئەو ڕاستییە ڕوون دەبێتەوە، كە شەهیدان شەهیدی پارتێك و ناوچەیەك و هەرێمێك و دەڤەرێك و خێزانێك نین، بەڵكو شەهیدی كوردستانن بەگشت پارت و ناوچە و دەڤەرەكان”، بەڵێنیش دووپات دەکەنەوە، کە درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان بن.
هەر لەو پەیامەدا هاتووە”بێ گومان شەهید مامەڕیشە و شەهیدان تەنها لە ڕابردوودا فەرماندە و ڕێنیشاندەر نەبوون، لە ئێستاشدا ڕابەرایەتیمان دەكەن ڕووەو ئازادیی و ڕزگاریی و یەكگرتن، بۆیە وەكو كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لەباشووری كوردستان لە حزوری ئەم شەهیدە قارەمان و مێژووییە و خوێنی سەرجەم شەهیدان، بانگەوازیی یەكێتی نەتەوەیی گەلی كورد دەكەین”.
نەجمەدین شکور ڕەئوف، ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی تاڵەبانی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لەدایکبووە، لە تەمەنی گەنجییەوە بەشداری ڕیزەکانی پێشمەرگە بووە، بە ئازایەتیی و قارەمانێتیی ناوبانگی دەرکردبوو، لە زۆر داستان و نەبەردی و چالاکی پێشمەرگانەدا، بەشداری و فەرماندەیی زۆر شەڕی گەورەی کردووە، وەک: داستانەکانی حەمک، ژاڵەی دەربەند، ژاڵەی خوێڵێن، بێتواتە، ناوچەی قەرەحەسەن، جەباری، شێخ بزێنی، بۆسەکانی دەشتی کاکی بەکاکی گەرمیان و بۆسەکانی سەر ڕێگا گشتییەکانی کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، سەنگاو، چەمچەماڵ و خورماتوو.
ڕۆژی ٢٤ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥، مامەڕیشە لە پیلانێکی جاشە کوردەکانی سەر بە حزبی بەعسدا، لەنزیک گوندی قایش پاشای سەر بە شارەدێی لەیلان لە پارێزگای کەرکوک، لە بۆسەیەکدا شەهیدکرا.