ئاگانیوز
چیتر هێزی پێشمەرگە هێزی حزبی نابێ و هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و تێکەڵ کردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەستی پێکرد و هێزە حزبییەکان دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرچاوە هەواڵە ئابوورییەکان ئاماژەیان بەوە داوە، کە لەموچەی مانگی حوزەیرانەوە پارەی پلەبەرزکردنەوەی سەرباز بۆهێزەکانی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی دەبەسترێت و بەپێی زانیارییەکانیش بەشێوەیەکی نهێنی ڕێکخستنەوە و تێکەڵکردنی هێزەکانی حەفتا و هەشتا لەچوارچێوەی هێزەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووە.
زانیارییەکانی ئاگانیوز ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەکانی حەفتا و هەشتا لەئێستادا تێکەڵی یەکتر ناکرێنەوە و بەڵکو ڕێکخستنەوە و تێکەڵ کردنەوە لەلیواکانی سەربە هێزەکانی حەفتا و هەشتا ئەنجامدەدرێت لەچوارچێوەی دوو فرقەی سەربازی پڕچەکی ڕاهێندراوی سەربە وەزارەت و هەنگاوەکانیش لەدوای ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی (ی.ن.ک) دەستی پێکردووە و بەپێی ڕێککەوتنێکی نهێنی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
ئاگانیوز ئەوەشی زانیوە، ئەم ڕێکخستنەوەیە لەژێر فشاری بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بووە و پێشبینیش دەکرێت بەرلەتەواوبوونی وادەی ئەم کابینەیەی حکومەت تەواوی هێزەکانی حەفتا و هەشتا بەپێی ئەو میکانیزمەی داندراوە بخرێنە سەروەزارەتی پێشمەرگە.
لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە٤٠٠هەزار کەس لەژێر ناوی هێزە ئەمنییەکانەوە مووچە وەردەگرن و جگە لەهەبوونی هێزی حزبی، لەئێستادا هێزی کەسیش بوونی هەیە.