ئاگانیوز
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کەرکوک لەبارەی تەعریبکردنی گوندەکانی ڕۆژئاوای کەرکوک وەڵامی ڕاکان جبوری دەداتەوە.
عەمید کاوە غەریب داوایەکی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک لەبارەی داگیرکردنی خانووە چۆڵکراوەکانی چەند گوندێکی سنووری شارۆچکەی دووبز ڕەتدەکاتەوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بۆئاگانیوز نێردراوە، راکان جبوری داوای لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک کردووە ئەو خانووانەی ناحیەی سەرگەڕان، کە لە دوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧وە چۆڵکراون، بە کەسانی دیکەی سەر بە هۆزی "شمەر" پڕ بکرێنەوە و لەوڵامی ئەو داوایەدا عەمید کاوە غەریب بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک، کە پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای داقوق بووە و لە رۆژی ١٩ی مانگی رابردوو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە وەک بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی کەرکوک دەست بەکاربووە، نوسراوێکی ئاراستەی پارێزگارە بەوەکالەتەکەی کەرکوک بکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان، دەرکەوت خانووەکانی ئەو ناوچەیە دەکەوێتە سنوری ناوچە جێناکۆکەکان و پێویستە بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئەو پرسە لە دادگاکان یەکلایی بکرێتەوە.
لەدوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر و لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئیدارەی پارێزگای کەرکوک هەموو هەوڵێکی داوە بۆتەعریب کردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوک و بۆئەو مەبەستەش چەند جارێک هێزی سەربازی بەکارهێناوە.
![]() |
نووسراوەکەی ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک بۆداگیرکردنی خانووە چۆڵکراوەکانی شارەدێی سەرگەڕان لەڕۆژئاوای کەرکوک |
![]() |
وەڵامەکە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بۆپارێزگارە بەوەکالەتەکەی کەرکوک |