ئاگانیوز
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەنێو یاریگای دهۆک یانەی هەولێر ڕووبەڕووی یانەی قاسمی عێراقی بووە و بەئەنجامێکی گەورە یاریەکەی لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا.
یاریەکە، کەلە میانەی یارییەکانی گەڕی ٢٢ـی خولی نایابی عێراقی دا بەڕێوەچوو، هەردوو یانە ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە و یانەی هەولێر سەرەتا بەهێرشبردن دەستی پێکرد و لەو ئەنجامەشدا لەخولەکی ٣ـی یارییەکەدا یاریزان ئاکام هاشم گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد و دوای١٣خولەک و لەخولەکی ١٦ـی یارییەکەدا جارێکی تر یانەی هەولێر گوشاری لەسەر گۆڵی یانەی قاسم درووستکرد و یاریزان شوان مامۆ تاکە گۆڵی خۆی و دووەمی یانەکەی تۆمارکرد و گێمی یەکەمی یارییەکە بەئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لەبەرژەوەندی یانەی هەولێر کۆتایی هات.
لەگێمی دووەمی یارییەکەدا یانەی هەولێر بەهێزتر لەگێمی یەکەم دەرکەوتەوە و هێرشەکانی بۆسەر یانەی میوان تووندتر کردەوە و لەخولەکی ٦٠ـی یارییەکەدا یاریزان بارزان شێرزاد گۆڵی سێهەمی یانەی هەولێری تۆمارکرد و دوای نزیکەی ١٥خولەک یاریزان شێرکۆ کەریم درێژەی بەکەرنەڤاڵی گۆڵەکانی یانەکەی دا و دووجار لەخولەکەکانی ٧٤ و ٧٨ ناوی خۆی لەلیستی گۆڵکارانی یارییەکە تۆمار کرد و لەخولەکەکانی کۆتایی یارییەکەش دا یانەی قاسمیش کەوتنە هەوڵ بۆکەمکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە و دەربازبوون لەو شکستە گەورەیە و لەئەنجامدا لەخولەکی ٨٩ـی یارییەکە یاریزان زەکەریا ئیسماعیل تاکە گۆڵی خۆی و یانەکەی لەیارییەکە تۆمارکرد و بەو ئەنجامەش یانەی هەولێر بەپێنج گوڵ بەرامبەر بەگۆڵێک یارییەکەی لەبەرژەوەندی خۆی بردەوە.
شایەنی باسە یانەی هەولێر بەهۆی نوێکردنەوەی یانەکەی و ئامادەکارییەکانی پێشوازی کردن لەپاپای فرانسیس پاپای ڤاتیکان یارییەکەی گواستەوە بۆیاریگای یانەی دهۆک.