بابەتەکان

الأحد، 31 يناير 2021

سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا و هەماهەنگی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر دەکات


 

ئاگا نیوز

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/١/٣١ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە برۆنۆ ئۆبیر، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیھان گفتوگۆکرا.


لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی پەرەپێدانی هاریکارییەکان لە سەرجەم بوارەکان و پێویستی بەردەوامی هاریکاری هاوبەش لە نێوان عێراق و فەرەنسا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات.


ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە باسی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا کرد لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ھاوبەشەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە تەواوی بوارەکان و پێویستی بەردەوامی هەماهەنگی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و ھێنانەدی سەقامگیری و پتەوکردنی هاریکاری ئابووری و رۆشنبیری و گۆڕینەوەی شارەزاییەکان، ھاوکات رۆڵی فەرەنسای بەرزنرخاند لە پشتیوانیکردنی عێراق.


لەلای خۆیەوە باڵیۆزی فەرەنسا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەرەوەری عێراق و دوورخستنەوەی لە گرژییەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی هاریکاری هاوبەش لە تەواوی بوارەکان دووپاتکردەوە.