بابەتەکان

الاثنين، 6 سبتمبر 2021

میدیای کوردی کەرکوک لەمەترسیدایه


ئۆژین جۆڵا-ڕۆژنامەنووس

دەسەڵاتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق هەمیشە لەهەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەنووسی بوونه و هەمیشە لەڕێی بڕیار و راسپاردەکانیانەوە هەوڵیانداوە مەودای کاری میدیایی بەرتەسک بکەنەوە و هەرجارەو بەرێگاو شێوازێک .
ئەوەی لەکەرکوک دەگوزەرێت کۆنتڕۆڵکردنی کاری میدیاییە و ئیدارەی پارێزگاکە و ژوری ئۆپراسیۆنەکانیش بەبڕیار هەنگاوی مەترسیداریان ناوە بۆ ئەوەی میدیای کوردی لاواز بکەن و کردویانە ، سەرەتا بەداخستنی سەرجەم ئەو سایت و رادیۆ و کەناڵە ناوخۆیانە و لەبەرامبەر پێدانی مۆڵەتیش بۆ کارکردنیان بودجەیەکی زۆریان دەوێ و ئەویش لەتوانای ئەو میدیانەدا نەبووە هەربۆیە بەم رێگایە چەند ناوەندێکی میدیایی و پەخشی رادیۆ و کەناڵە ناوخۆیەکانیان داخستوە ، ئەمە جگە لەوەی بەبڕیاری ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک روماڵی رۆژنامەنووسانیان لەقەزاو ناحیەکانی پارێزگاکە بەهەموو شێوەیەک کۆنتڕۆڵ کردووە و ئەو رۆژنامەنووسەیشی بەبێ ئیزنی ئەوان روماڵی ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک بکات رێگری لێ دەکرێ و داوای مۆڵەتی فەرمی دەکرێ و لەکاتێکدا ژوری ئۆپراسیۆنەکان ئامادەی پێدانی مۆڵەت بەرۆژنامەنووسان نیە، 
خەمی گەورەی پارێزگارە ناشەرعێەکەی کەرکوک ئەوەیە هیچ کەس لەسەر کەموکورتی و پرسی تەعریب و داگیرکردنی ماڵ و زەوی جوتیاران و کێشە ئەمنی و جموجۆڵە زۆرەکانی داعش قسە نەکات و کەرکوک وەک پاریس بشوبهێنن ، ئەمەیش ئاستەنگ و کێشەی گەورەی بۆ رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک دروستکردوه و رۆژانە رۆژنامەنووسی کورد رێگری لێ دەکرێ و پێشێلکاری بەرامبەر دەکرێ هەندێکجار زیندانی کردن و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دژیان .
بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی کەرکوک فۆبیای کامێرایان هەیە ولەهەر کوچە وکۆڵان و بازاڕێک کامێرا ببینن چوار پەلیان دەشکێ و راستەوخۆ لێتە ئاڵێن و داوای مۆڵەتی کاردەکەن ،و بەباجی کەناڵ و باجی پارێزگا و مۆڵەتی پۆلیس دڵیان ئاو ناخواتەوە و هەمیشە یەک شتیان هەیە بۆ گوتن ئەویش ممنوع التصوير .
ئەوەی جێی سەرەنجی منە بێ دەنگی دەسەڵاتی کوردیە بەرامبەر ئەو ناهەقیانە و وەک ئەوەیە ئێمەی رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک لەهەسارەیەکی ترەوە هاتبین و هیچ خەمێک و کێشەیەکمان نەبێ .
ئەوەی لەکەرکوک ماوە خوێندنی کوردی و میدیایی کوردیە وبەتکاوە دەڵێم ، بەهانامانەوە بێن بۆ ئەوەی لەوەزیاتر لاواز نەبین و بەهاوڵاتی دەرەجە سێ هەژمار نەکرێین.