بابەتەکان

السبت، 8 مايو 2021

هەرێمی کوردستان: مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی کەیسی سزادراوانی بادینان هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات


 

ئاگانیوز
سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی كەیسی سزادراوانی بادینان مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لەبەیاننامەکەدا مەکتەبی سیاسی پارتی هاتووە: "بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بەپێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسی كردنی بابەتەكان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێ‌ و، مەرج نیە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێك نەبوبێتە بڕیار مانای راست نەبوونی بڕیارەكان بێت".

دەشڵێت: "ئەوەی رویداوە رونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەكان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی کوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین".

مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی ئەوەش دەکات، کەئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەكو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئەوا ئەوانیش زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین و هیواداریشن ئاڕاستە و لۆژیكی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی هەموو هەوڵێكی دیكەوە بێت.

ڕۆژی ٤ـی ئەم مانگە، دوای نزیکەی ٣مانگ لەبڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر بەسزادانی پێنج کەس لەدەستگیرکراوانی بادینان بەشەش ساڵ زیندانی کردن، بەواژۆی سێ ئەندام لەکۆی پێنج ئەندامی، دادگای تێهەڵچوونەوەی گشتی هەرێم بڕیارەکەی بەسەندکرد و ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتییانی لێکەوتەوە.