ئاگانیوز
کاتژمێر ١:١٠خولەکی ئەمشەو چەکدارانی نەناسراو، کەگومان دەکرێت چەکداری داعش بن، هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی کەرکوک.
سەرچاوەیەک لەئاسایشی کەرکوک بەئاژانسی هەواڵی ئاگانیوزی ڕاگەیاند، هێرشەکە لەلایەن سێ چەکداری نەناسراوەوە ئەنجامداوە و ڕوونیشی کردەوە، کەچەکدارەکان لەناوچەی شیوەسور و شێخ بزێنییەوە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشیان لەناوچەی ئیلنجاخ بەئامانج گرتووە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، بەرلەئەنجامدانی هێرشەکە لەڕێگای کامێرای چاودێرییەوە چەکدارەکان بیندراون و جەختی لەوەش کردەوە، کە هیچ کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش لەو هێرشەدا بریندارنەبوونە.
هەر ئەمشەو لەگوندی ستیح لەنێوان ناحیەی ڕەشاد و قەزای داقوق چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزێکی تایبەتی شێخ وەسفی عاسی سەربەهێزەکانی حەشدی عەشایری و لەئەنجامدا چەکدارێکی هێزەکە برینداربوو.
جمووجۆڵی چەکدارانی داعش لەسنووری کەرکوک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هێرشەکانیشان لەبۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان چڕترکردووەتەوە.