بابەتەکان

الخميس، 20 مايو 2021

لە پشت وروژاندی پرسی دەستوور ، چی دەگوزەرێت ؟


ماوەیەكە نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورردستان، پرسی هێنانە ئارای دەستووری هەرێمی کوردستانی وروژاندووە، سەرەتا بە سەردانیکردنی خودی خۆی بۆ لای لایەنەکان ودواتریش لە رێگەی زانکۆی کوردستان، کە خاوەندارێتی بۆ ئیدریسی کوڕی دەگەڕێتەوە، هەموو لایەنەکانی لە دیبەیت کۆنفڕاسێکدا کۆکردەوە.

قسەیەکی کوردی باو هەیە، دەڵێت؛"هیچ دوکەڵێك بێ ئاگر نییە"، وروژاندنی پرسی دەستوری هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی لایەنەکانیش لەم ئان و ساتە، بێ مەرام و ئامانج نییە.

کاتێك دەڵێین، بێ مەرام و ئامانج نییە، چونکە بە درێژایی سی ساڵی حکومڕانی کوردی، ئەوەی گرنگ نەبووە، دەستوور بووە.

تەماشا... لە 1991 تا 2009، ئەوەی باسی سیاسیەکان نەبووە، دەستوور بووە... لە پاش پەسەندکردنی ڕەشنووسێکی دەستووریش لە ساڵی 2009 و دواتر گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان لە حوزەیرانی 2013 لە چوارچێوەی یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم و پاشان پێکهێنانی لیژنەی پەرلەمانی لە ساڵی 2015 بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دەستوور...ئیدی لەگەڵ داخستنی پەرلەمان لە ئۆکتۆبەری 2015.. شتێك نەما بە ناوی پرسی دەستوور.

کەواتە بۆچی دەستوور لەم کاتەدا.. چی دەگوزەرێت، نیچیرڤان بارزانی و روونتر پارتی بە نیازی چیین.. هەموو ئەمانە پرسیارن... پرسیارن، چونکە کاتێك لە ناو قەیرانگەلێکی زۆری ئەم هەرێمە، لە پڕ پارتی لە رێگای سەرۆکی هەرێمەوە ئەم بابەتە دەوروژێنێت.. دەبێت هەڵوەستەیەك بکەین.

هەڵوەستەیەك نەك بە مانای دژ بە هەموونی دەستوور بۆ ئەم هەرێمە راوەستین.. نەخێر، بەڵکو هەڵوەستەیەك بزانین بۆچی پرسی دەستوور لەم کاتەدا دێتە ئاراوە، ئایا بە دەستوور دەتوانین چی بگۆڕێن لە هەرێمێکدا کە سی ساڵە بێ دەستوورە.

لەم کێشە وبەردەدا، ئەوەی خاڵی نییە لەم بابەتە و گرێدراوی پرسی دەستووری هەرێمی کوردستانە، چەند پرس گەلێکی تێکهەڵکێشە بە هێنانە ئارای بابەتی دەستوور، لەوانە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق... پرسی بوونی نیچیرڤان بارزانی بە سەرۆک کۆماری عێراق.. پرسی گەڕانەوەی مەسعود بارزانی بۆ ویلایەتی حکومڕانی.

چۆن و بەچی.. کاتێك نیچیرڤان بارزانی خواستی بوون بە سەرۆک کۆماری عێراقی هەیە و ئەمەشی نەشاردۆتەوە، لە دوای ئەو کێی دەبێتە سەرۆکی هەرێم؟..نوقتە.

ئایا پارتی کە ئێستا بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەیە، ئامادەیە کورسی سەرۆکی هەرێم بدات بەلایەنێکی تر؟.. بێگومان نەخێر.

ئایا تا کۆتایی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەم چەشنە دادەنیشێت؟.. نەخێر... ئایا چ رێگایەك هەیە بۆ گەڕانەوەی بارزانی بۆ ویلایەتی حکومڕانی.. تەنها دەستوور... چۆن!.

ئەگەر تۆزێك بگەڕێینە دواوە، بۆ ئەو کاتەی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دەستوور لە ساڵی 2015 دەستبەکاربوو... یەكێك لە مەرجەکانی پارتی ئەوە بوو، ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لە پێش پەسەندکردنی دەستوور ئەژمار نەکرێت.. واتا بە پەسەندکردنی دەستوور، ویلایەتەکانی پێشوو سفڕ بکرێتەوە... ئەمە گەوهەری بابەتەکەیە.

گەوهەری بابەتەکەیە، بەو مانایەی ئیدی لەمپەڕی یاسایی لە بەردەم دووبارە گەڕانەوەی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم درووست نابێت.. لەمەشدا چەندین وڵات ئەم رێگایەیان گرتۆتەبەر، بە نموونە تورکیای ئەردۆگان و رووسیای پۆتین..بەڵام ئەوان بە هەموارکردنەوەی دەستوور.

لە پاش ئەم ئامانجەش.. نووسینەوەی دەستوور و پەسەندکردنی دەبێت بە دەستکەوت بۆ ویلایەتی نیچیرڤان بارزانی.. چونکە لە ماوەی دوو ساڵی بوونی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، نیچیرڤان بارزانی دەسکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە.. بۆیە گرنگە بەلایەوە پێش چوونە بەغدا، هەم دەسکەوتێك بۆ خۆی تۆمار بکات و هەم ویلایەتەکانی پێشوو سەرۆکایەتی هەرێم لە دەستوور سفڕ بکاتەوە... تا گەڕانەوەی مەسعود بارزانی بۆ ویلایەتی حکومڕانی بە یاسایی چارەسەر بکرێت.

رەنگە لەم نێوەندەشدا پارتی بۆ دڵڕازیکردنی یەکێتی و گۆڕان دوو هەنگاو بگرێتەبەر.. یەکەمیان؛ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ناو پەرلەمان بێت بۆ دڵڕازیکردنی گۆڕان... دووەمیان؛ کابینەی داهاتووی حکومەت لەگەڵی یەکێتی بکات بە ففتی بە ففتی دووساڵ بە دووساڵ.

کەواتە لێرەوە دەگەین بەو راستیەی کە ئامانجی پارتی و سەرۆکی هەرێم، لە نووسینەوەی دەستوورە.. بۆ گەڕانەوەی بارزانی باوک بۆ ویلایەتی حکومڕانی و دەرچوونی بارزانی برازا بە دەستکەوتێك لەو پۆستە.. نوقتە.

هێمن حەسیب

2021/5/20