پۆچیتینۆ دوپاتیکردەوە دەجەنگێت لە پێناو مانەوەی مباپێ لە یانەکەیدا و نایەوێت بە درێسی ڕیاڵ مەدریدەوە بیبینێت
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی کواترۆ، ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان ڕایگەیاند، خۆی و یانەکەشی دەجەنگن لە پێناو رازیکردنی کیلیان مباپێ بۆ مانەوە لە ڕیزەکانیاندا.
پۆچیتینۆ وتی: هیچ ئازارێک نابینم کاتێک یاریزانێکی یانەکەم لە یانەیەکی تر ببینم بەڵام دوای تەنها سێ مانگ کار کردن لەگەڵ مباپێ دەڵێم نامەوێت بە درێسی ڕیاڵ مەدریدەوە بیبینم و بەهەموو هێزی خۆمەوە هەوڵی مانەوەی دەدەم.
سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ڕامۆس بۆ پاریس، پۆچیتینۆ دەڵێت: نامەوێت باسی یاریزانێک بکەم کە لە یانەیەکی تر یاریدەکات و دەبێت ڕێزی یانەکانی تر بگرین و باسی یاریزانەکانیان نەکەین.
وتیشی: زۆر پڕوپاگەندە هەیە لەسەر بازاڕی گواستنەوە بەدڵنیاییشەوە ئێمە یانەیەکین کار دەکەین بۆ باشترکردن و بەهێزترکردنی پێکهاتەکەمان بۆ وەرزی داهاتوو.
لە کۆتایشدا لەسەر میسی وتی: لەماوەیەکی نزیکدا داهاتووی میسی ڕوون و ئاشکرا دەبێت لەگەڵ بەرشەلۆنەدا.