ئاگانیوز
ئەندامێکی پارتی لەلێژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک داوا دەکات پەلە بکرێت لەکۆتاییهێنان بەگفتوگۆکانی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا نوێنەری پارتی لەلێژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە داوای کرد پەلە بکرێت لەکۆتاییهێنان بەگفتوگۆکانی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و بەزووترین کات دۆخی پارێزگاکە ئاسایی بکرێتەوە و هێزەکانی دەرەوەی کەرکوک شارەکە بەجێبهێڵن و دۆسێی ئەمنی کەرکوک رادەستی هێزە خۆجێیەکان بکرێت و پەلە لەدروست کردنی ژووری هەماهەنگی هاوبەش بکرێت لەنیوان پیشمەرگەو سوپای عێراقی و پارێزگارێکی شەرعی دەست نیشان بکرێت کە جێگای رەزامەندی سەرجەم پێکهاتەکانی بێت.
ئەو نوێنەرەی پارتی هۆشداری ئەوەشی دا، کە ئەگەر بێت و پەلە نەکرێت لەچارەسەرکردنی کێشەی پارێزگاکە، ئەوا ئاسایشی کۆمەڵاتی و ژیانی پێکەوەیی دەخاتە مەترسییەوە و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئەو دۆخە بەردەوام بێت و ئاکامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
هاوکات ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک و فەلاح یایچی قائیمقامی بەوەکالەتی پارێزگاکەی بەوە تۆمەتبارکرد، کە هاوکاری میلیشیا چەکدارەکان و ئەو هێزانەیان کردووە، کە لەدەرەوەی پارێزگاکەوە هێندراون بۆئەوەی هاوڵاتییانی کوردنشینی پارێزگاکە بەشێوەی جۆراو جۆر لەکەرکوک و تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕوبەڕووی راگواستن و روخاندنی ماڵەکانیان و داگیرکردنی زەوییەکانیان ببنەوە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستوری.
ڕاگەیاندراوەکەی نوێنەرەکەی پارتی لەلێژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک لەکاتێکدایە دوێنێ کاسبکارانی گەراجی حەویجە لەدژی ڕووخاندنی کەپر و عەرەبانەکانیان لەلایەن ئیدارەی پارێزگای کەرکوکەوە بەبیانووی زیادەڕۆیی ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و قائیمقامی کەرکوک بەپاڵپشتی هێزەکانی لیوای٦١ـی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هێزەکانی تری پارێزگاکە دووکان و بەشێک لەخانووی دانیشتوانی گەڕەکی ئینزیباتخانەی کۆنیان ڕووخاند و وابڕیارە سبەی پێنج شەممەش تەواوی خانووەکانی ئەو گەڕەکە بەبیانووی زیادەڕەوی بڕووخێدرێت.
ئـ.و