نێرگز قادر-ڕۆژنامەنووس
ئەو ڕووداوەی ئەمڕۆ لەیەکەم ڕۆژی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاووچۆ لەشاری کەرکوک کە ھاووڵاتییەکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەکەرکوک.
کاتێک ئاگری بەردایە جەستەی خۆی و ئۆتۆمبیلەکەیشی گڕ تێبەرداو بەھۆیی ئەو ڕووداوەوە ئەو کەسە بوو بەباس و خواسی تەوای میدیای نووسراو بینراو، بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردیان بە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان و هەریەکەو بەجۆرێک لەپشتی لاپتۆپ و مۆبایلەکەیەوە چاکی لێهەڵماڵی و بەئارەزووی خۆیان بەچەندین شێوە بەشان و باهوویاندا هەڵیانگووت.
ئەوەی من دەمەوێت لێرەوە تیشکێکی بخەمە سەر، بابەتی مامەڵەی میدیاییانەیە لەگەڵ ئەو ڕووداوەو تەوای ڕووداوە هاجۆرو هاوشێوەکاندا، بەجۆرێک لەچوارچێوەی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیدا بێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لەزۆرێک میدیادا سەبارەت بەو بابەتە کرا، مامەڵەیەکی تەندرووست و میدیاییانە نەبوو، لەوانەیە ھەمووان بڵێن بۆ ؟!
وەڵامەکەی ئەمەیە، چوونکە ئێمە لەئان و؟ساتی کەرەتینەیەکی کورت مەودا داین کە ماوەکەی تەنها سێ رۆژەو نزیکەی یەک هەفتەیشە بانگەشەی بۆ ئەکرێت، بۆیە پابەد بوون پێوەی بەهەر جۆرو شێوازێک بێت، کارێکی باشتر بوو لە شکاندنی ئەو بڕیارەی بۆ سەلامەتیی گیانی تاکەکانی ئەم شارە دراوە.
من دلنیام سێ بەشی خەڵکی لەگەڵ ئەم قەدەغەی هاتووچۆيهدا نیيه، بەڵام دواجار لەپێناو پاراستنی تاکی کەرکوکییە لەنەخۆشی و بەڵای ناگەهانی کۆرۆنا، كاتێكیش بڕیارەکە بەسەر ھەموواندا سەپێندرابێت و کرابێت بەبڕیار، ناچار ئەبێت پابەندبین پێوەی.
ئەمڕۆ ئەو پیاوە خاوەن پێداویستییە سەرپێچیی کرد، بەڵام ھۆکاری تووڕەبوون و سووتانی بەشێک لەجەستەی خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی ھەڵەیەکی تربوو پێویست بوو لەمیدیاکانەوە باس بکرێت و بکرێت بەھەواڵێکی میدیاییانە، سەرباری ئەوەی حورمەتی زۆر لەکەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەگرم، بەڵام نەدەبوو ئەو پیاوە بکرێت بەپاڵەوان، چوونکە سەدان کەس دەست خۆشییان لێکردبوو بۆ ئەو کارە ناجۆرونەرێنییەی دەرحەق بەژیان و گیانی خۆی و بە سامانەکەیشی کە ئۆتۆمبێلەکەیەتی ئەنجامیدا.
دەکرا هێزە ئەمنییەکانیش وردترو مرۆڤدۆستانەتر مامەڵەی لەگەڵ بکەن، تا ئەم جۆرە ڕووداوانە نەبنە ھاندان بۆ خەڵکیترو ئەمە بکەن بەنەریتێکی باو و سبەی کەسانیتر لاسایی ئەم کارە ناڕێکە بکەنەوە.
دەکرا لەپیشاندانی ئەم رووداوەشدا، رەچاوی ئاڵۆزیی دەروونی خەڵکیتر بکرێت کە بەداخەوە خەڵکی ئێمه لەئێستادا لەدۆخێکی داڕووخاوی دەروونیدا بەهۆی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆناو نەبوونی ئازادیی ڕەهاو چەندین هۆکاریتر، کە بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، میدیای ئەم وڵاتە ئەو پیاوەان کرد بەپالەوان و ھێزە ئەمنییەکانیش بە تاوانکار!