بابەتەکان

الأحد، 7 فبراير 2021

بەدیلی گەڕانەوە بۆ بەغدا.. چییە؟


ئارام شێرکۆ-ڕۆژنامەنووس
پێش گەڕانەوەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا جارێکی تر، پێویستە لایانە سیاسییە کوردستانییەکان هەوڵی ڕێکكەوتن و یەکڕیزیی ماڵی کوردی بده‌ن، لە بری بیرکردنەوە لە ڕاده‌ستكردنی دۆسیه‌ی نەوت و داهاتی کوردستان، چونکە لایه‌نە شیعەکان داوای ڕادەستكردنی تەواوی دۆسیه‌ی نەوت دەدەن، بەڵام هیچ گره‌نتییه‌كیش نییە دوای نه‌وت، داوایەکی لەوە قورستریان نەبێت.

یەکڕێزی تەنها بە قسە و وتار نابێت، یەکڕێزی بە دروستکردنی متمانە و هاوبەشی لە بڕیار دەبێت.. بۆ نموونە... کورد بە هاوبەشی بڕیار بدات تەواوی دۆسیە ڕادەستی بەغدا بکرێت یان نا... لە بەرانبەردا بەدیل چییە، ئەگەر ئەم هەنگاوەش داخوازی بەغدای جێبەجێی نەکرد.

واتا دەبێت دوو پارتی دەسەڵات و حوکمڕانی کوردستان لە سەقفی داواکانیان بێنە خوارەوە و بزانن چی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە.. هاوکات هەموو لایەک پێکەوە خاوەنی دەستکەوتی ڕادەستی نەوت بن و پێکەوەش خاوەنی شکستەکەی بن، ئەگەر شکستی هێنا.

چونکە تائێستا هیچ گرنتیە نیە ئەگەر هەموو دۆسیەی نەوت خرایە بەردەستی حکوومەتی عێراق، لە بەرامبەر دابینکردنی پشکی بوودجە و مووچە بدات، کەواتە بەدیل چییە.

بەدیل... یەکڕێزییەکە بە فعلی لە سەرووی وتار و بەیاننامە.. ڕاستە ئێستا حکومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری داوە بەبێی رێکەوتنیش لەگەڵ بەغدا، 30 ڕۆژ جارێک مووچە بدات.. بەڵام ئەوە دیارە کە ئەمە بە لێبڕینە.. ئەمەش پێویستی بە ئیجماعی کوردستانی هەیە... تا بەرپرسیارێتیەکە لە ئەستۆی هەمووان بێت.. دروستکردنی ئەم ئیجماع و کۆدەنگیەش لە ئەستۆی یەکێتی و پارتیە و دەبێت هەردوولا لە سەفقی داواکانیان بۆ چۆنێتی حوکمڕانی بێنە خوارەوە.

لەم قۆناغە دەبێت واز لە به‌ژه‌وه‌ندیی حزبی بهێنرێت و خەڵکی ڕزگار بکرێت لەم برسێتی و نەبوونی، لە بری ململانێی حزبی و کۆکردنەوەی دەنگ و فراوانکردنی دەسەڵات، خەمی دابینکردنی مووچە و بژێویی خەڵکە، ئەولەویەتی هەموو لایەک بێت.