ئاگانیوز
دوێنێ گەورەترین ئاڵای کوردستان لەنزیک بازگەی شێراوە لەسنووری شارەدێی پردێی سەربەپارێزگای کەرکوک هەڵکرا.
سەرچاوەیەکی هەواڵی بەئاژانسی هەواڵی ئاگانیوزی ڕاگەیاند، تێچووی درووستکردنی ئەو ئاڵایە نزیکەی پەنجا هەزار دۆلار بووە و لەلایەن کەسێکەوە بەناوی(دابان ئەحمەد کوردە)، کەبەباوکی ڕیفراندۆم ناسراوە دابین کراوە، بەڵام لەکاتی هەڵکردنی ئاڵاکە لەسنووری شارەدێی پردێ باوکی ڕیفراندۆم ئامادەنەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاگانیوز، باوکی ڕیفراندۆم بەر لەمەراسیمی هەڵکردنی ئاڵاکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا دیارنیە لەسەر چی دەستگیرکراوە.
لەسەروبەندی بانگەشەی ڕیفراندۆم لەشاری کەرکوک، گەنجێکی کورد بەناوی دابان ئەحمەد کوردە منداڵە تازە لەدایک بووەکەی ناونا ڕیفراندۆم وەکو پشتیوانییەک لەڕیفراندۆم و لەدوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەریشەوە باوکی ڕیفراندۆم لەگەڵ خانەوادەکەی بەرەو هەولێر کۆچی کرد و تاوەکو ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە.