لیزا فهلهکهدین کاکهیی ئهندامی پەرلەمانی کوردستان له پهیجی تایبهتی خۆی له تۆڕی کۆمهڵایهتی فهیسبووک نووسیویهتی حکومەتی عێراق ئەم ساڵ لەبەرنامەیدا هەیە سەرجەم کەمپی ئاوارەکانی شەڕی داعش دابخات، کە بێگومان زەرەرمەندی یەکەم لەم بریارە ئێزیدییەکان دەبن چونکە تا ئێستاش نزیکەی 200 هەزار ئێزیدی لەو کەمپانەدا ماون و بەهۆی نەگەڕانەوەی کەشێکی ئارام بۆ شەنگال و ئاوەداننەکردنەوەی بەگوێرەی پێویست خەڵکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
پێش ئەوەی بڕیارێکی هاوشێوە بدرێت پێویستە حکومەتی عێراق خوێندنەوەی وردتر بۆ دۆخەکە بکات و ئەم خاڵانە لەبەرچاوبگرێت :
یەکەم/ لە کاتێکدا بەهۆی بوونی چەندین میلیشای جۆراوجۆر کە مەترسی ئەمنی لەسەر شارەکە درووست دەکەن ناکرێت بڕیاری داخستنی کەمپەکان بدرێت، پێویستە هەنگاوی یەکەم جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە بێت کە لەگەڵ هەرێم کردوویەتی سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە کە پێش هەموو شتێک لە بەرژەوەندی ئێزیدییەکانە ئینجا دواتر هەنگاو بە هەنگاو بڕیاری داخستنی کەمپەکان بدات.
دووەم/ لە ئێستادا حکومەت و پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەن بۆ ئەمساڵ، ئەوەی تێبینیکراوە بودجەی تەرخانکراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال بەگوێرەی پێویست نییە لەچاو ئەو وێرانی و کارەساتەی بەسەر ناوچەکە و خەڵکەکەیدا هاتووە. ئەم بودجە کەمە بەربەستێکی دیکەی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شەنگالە کە ئەمەش گەڕانەوەی ئاوارەکان سەختتر دەکات.
سێیەم/ حکومەتی عێراق پێویستە دۆخی دارایی هەرێمیش لەبەرچاو بگرێت، چونکە لە ئەگەری داخستنی کەمپەکان ئەوکات ئەو رێکخراوە مرۆییانەی کە چەندین ساڵە هاوکاری ئاوارەکانی کەمپەکانی عێراق دەکەن دەڕۆنەوە و ئەمەش ئەرکی دارایی سەرشانی حکومەتی هەرێم سەختتر دەکات چونکە بەم رەوشە داراییەی ئێستا هەرێم پێیدا تێپەردەبێت سەختە بتوانێت بەگوێرەی پێویست ئاوارەکان بحەوێنێتەوە.