نووسینیی : محەمەد ئەحمەد
ئەگەر لە کۆتایی یەوە دەست پێ بکەم
دەڵێم کەرکوك نە دەبێتە هەرێمی سەربەخۆ و نە دەچێتە پاڵ هەرێمی کوردستان و نە بە جوانی لەسەر حکومەت ناوەند دەبێت، چونکە کەرکوك بە درێژایی ئەم سەد ساڵەی رابردوودا هیچ رۆژێك بە یەکگرتوویی نەبینراوە.
هەر لە ماوەی حەڤدەی ساڵی رابردوودا هەر سێ نەتەوە سەرەکییەکەی کەرکوك هیچ کاتێك پێکەوە هەڵوێستێکی هاوبەشیان نەنواندووە، هەموو کات دوو بەرەکی و پەرتەوازە بوونە، کۆبوونەوە گرنگ و چارەنووسسازەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوك وەك یەکێك لە ئەڵقەکانی تۆم و جێری دەهاتە پێش چاوی خەڵك، کورد کۆبوونەوەی دەکرد کەچی تورکمان و عەرەب بایکۆتیان دەکرد، عەرەب و تورکمان ئامادەی کۆبوونەوە دەبوون کەچی کورد بایکۆتی دەکرد، ئەم دژایەتیکردنە کە لە بنەڕەتدا هۆکارەکانی لای خەڵك شتێکە و لای سیاسییەکان شتێکی ترە هیچ مانایەکی نەبووە و نییە جگە لە گەمەیەکی مناڵانە.
بەڵگەکانی شکستهێنانی ئەم راگەیاندنەی ئەمڕۆی لیژنەی بەهەرێمکردنی کەرکوك وەك مانگی تابان دیارە، ئەویش ئەوەیە کۆبوونەوەکە هیچ بەرپرسێکی باڵای هیچ نەتەوەیەکی ئەم پارێزگایەی تێدانییە، ئەوەی دەبینرێت تەنها کۆمەڵێك کەسی خەمخۆرن و دەیانەوێت بارودۆخی کەرکوك باشتر بکەن بۆ ژیان (لەوانەشە مەبەستی تریش هەبێت) بەڵام ئەم بەڕێزانە نە توانای بڕیاردانیان هەیە لەسەر پرسێکی چارەنووسساز و نە توانای کۆکردنەوەی خەڵکە پەرتەوازە و شەکەتەکەی کەرکوكیان هەیە.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ئاشکرایە کە رێگاکانی بەهەرێمکردنی هەر پارێزگایەك (چەند پارێزگایەك) بە پێی دەستووری عێراق تەنها دوو رێگان، داواكردنی (دوو لەسەر سێی) ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایەی کە داوای بەهەرێمکردن دەکات یان کۆکردنەوەی واژووی (یەك لەسەر دەی) دەنگدەرانی پارێزگاکە.
پێدەچێت ئاستەم نەبێت بەڵام لە راستیدا ئەم پرسە تایبەت نییە بە شاری کەرکوکەوە، راستە بە پێی دەستوور بڕیار بە دەستی خەڵکی کەرکوك و پەرلەمان و حکومەتی عێراقە، بەڵام دەستوور کەی لەم وڵاتە جێبەجێکراوە؟! وڵاتێك لە ژێر کاریگەری و فشار و رەحمەتی وڵاتانی زڵهێز و هەرێمیدا بژی ناتوانێت بڕیار لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی بدات بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو وڵاتانە، دروستتر ئەوەیە کە خودی ئەو وڵاتانەی تر سیاسەتی عێراق دادەڕێژن و حوکمڕانانی عێراق تەنها بڕیارکەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن.
ئەم پرۆسەی بەهەرێمکردنە ئەگەر سەربگرێت ئەوا دەسکەوتێکی گرنگ و قازانجێکی گەورەیە بۆ حکومەتی ناوەند، چونکە خەونی کوردستانیبوونی کەرکوك بە یەکجاری لەناودەبات، لە بەرامبەردا ئەم پرسە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، نەك لەبەر ئەوەی کەرکوك لەدەست دەدات بەڵکو لەبەر ئەوەی نەوتی کەرکوك لەدەست دەدات، چونکە هەموو ئاماژەکانی ساڵانی رابردووی حکومەتی هەرێم لە کەرکوك ئەوە دەگەیەنن کە هەرێمی کوردستان خەمی هیچ شتێکی نییە لە کەرکوك جگە لە نەوتەکەی، بەڵگەش لەسەر ئەم قسەیە زۆرە و گەورەترینیان بێ ئومێدی خەڵکی کەرکوکە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم.
سەبارەت بە خەڵکی کەرکوکیش ئەم پرۆسەیە سوودی زۆری دەبێت لە رووی ئابووری و سیاسی و لەوانەیە لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە، ئەگەر سەربگرێت و جێبەجێ بکرێت، بێگومان بێ زیانیش نابێت، بەتایبەتی لە رووی هەست و سۆزەوە بۆ خەڵکە کوردەکەی کە چەندین ساڵە خەون بە کوردستانیبوونی کەرکوك دەبینن.
شایەنی باسە لە ساڵانی رابردوودا لایەنێك بە سەرکرایەتی (محمد الطائي) پەرلەمانتاری هەڵبژێرداوی پارێزگای بەسرە هەوڵێکی زۆریان دا بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگای بەسرە و سەرەڕای کۆکردنەوەی واژوو و ئەنجامدانی چەندین خۆپیشاندان و ئارنستەکردنی چەندین داواکاری و تەنانەت دانانی ئاڵای تایبەت بە هەرێمی بەسرە، هەوڵەکانیان هیچ سوودێکی نەبوو و پرۆژەکەیان شکستیهێنا و هەندێك پێیان وابوو ئەو هەنگاوە تەنها بەشێك بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردن، هیوادارم ئەم راگەیاندنەی کەرکوكیش بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن نەبێت.