بابەتەکان

الاثنين، 25 يناير 2021

بەرپرسێکی کورد زیندانی دەکرێت

ئاژانسی ئاگا نیوز

دادگای عیراق سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بەسەر ژنە بەرپرسێكی كورد سەپاند بە تاوانی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی و ئاسانكاری لە پێدانی قەرز بە بانكێكی ئەهلی.

دەستەی دەستپاكیی عیراق بڵاویكردەوە، حەمدیە جاف بەڕێوەبەری پێشووی بانكی بازرگانیی عیراق بە تاوانی زیانگەیاندن بە دارایی و گشتی و ئاسانكاری لە پێدانی قەرزێكی 40 ملیۆن دۆلاری بە بانكێكی ئەهلی، لەلایەن دادگاوە بە پێنج ساڵ زیندانیكردن سزادرا.

لە راگەیەندراوێكی دەستكەدا هاتووە، بەڕێوەبەری پێشووی بانكی بازرگانی هەڵەیەكی گەورەی لە پێدانی قەرز بە بانكێكی ئەهلی كردووە، كە بەو هۆیەوە زیانێكی گەورەی بە دارایی گشتی گەیاندووە.

ئەوەش ئاشكراكراوە، حەمدیە جاف بڕی 40 ملیۆن دۆلاری لەشێوەی قەرز بە بانكێك داوە، بەبێ ئەوەی بانكەكە بارمەتی گونجاوی یاسایی پێشكەش بكات كە هاوشانی بڕی ئەو قەرزە بێت كە پێی دراوە.

دادگاكە لە بڕیارەكەیدا، وێڕای سەپاندنی سزای زیندانیكردن بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی بانكی بازرگانی عیراق، بانكەكەشی پابەندكردووە بە دانەوەی ئەو بڕە پارەیەی كە لەشێوەی قەرز پێی دراوە، بەو پێیەی مامەڵەی وەرگرتنی قەرزەكە بە نایاسایی دادەنرێت.

بەهۆی ئامادەنەبوونی بەپرسە تاوانبارەكە، بڕیارەكەی دادگا بەشێوەیە غیابی دەرچوێندراو گەشتكردنیشی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە كرا.

حەمدیە جاف كە لەساڵی 2011 وەك بەڕێوەبەری گشتی بانكی بازرگانیی عیراق دەستبەكاربوو، ساڵی 2016 دوای ئاشكرابوونی چەندین دۆسیەی گەندەڵی لەدژی ناوبراو، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆكی پێشووتری حكومەتی عیراق لەكارەكەی دوورخرایەوە، مانگی ئایاری ساڵی پاریش بەتاوانی پێدانی بڕی 30 ملیۆن دۆلار بەشێوەی قەرز بە كۆمپانیایەك، دادگای رەسافە سزای حەوت ساڵی زیندانی بۆ حەمدییە جاف دەركرد.