ئاگانیوز
لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، عێراق ٢٥٪ـی ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لە ناوخۆدا بەكاریاندەهێنێت، لە وڵاتانی ترەوە هاوردەیان دەكات.
ڕۆژی دووشەممە ١ـ ئازاری ٢٠٢١ زەهرە بجاری، ئەندامی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، عێراق ٧٥٪ـی بەرهەمە نەوتییەكان لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەوە هاوردەیان دەكات، بەتایبەت بەنزین و گازی سروشتی.
ئەندامی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژهی بهوهش كرد،ساڵانە ١٨ ملیار مەتر سێگۆشە لە گازی سروشتیی عێراق بەفیڕۆدەچێت و دەسووتێت، لەكاتێكدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا كراوە بۆ سوودوەرگرتن لەو گازە، بەڵام تا ئێستا هیچ بۆ ئەو مەبەستە نەكراوە و گازە سروشتییەكە بەفیڕۆدەچێت، جگە لەوەی زیانی بۆ ژینگەش هەیە.
زەهرە بجاری ئهوهشی خستهڕوو، ئەگەر ئەو بڕە گازە سروشتییەی بەفیڕۆدەچێت، بەگەڕبخرێت و سوودی لێوەربگیرێت، دۆخەكە زۆر دەگۆڕێت و ئەوەش پشتیوانیی بودجە دەكات و كورتهێنانی بەرهەمی گاز پڕدەبێتەوە.